گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆ گەشت چوبوو بەڵام لەکاتى وێنەگرتن لە بەرزاییەکی زۆرەوە کەوتەخوارەوە و گیانیلەدەستدا

2020.07.06 - 11:39
بۆ گەشت چوبوو بەڵام لەکاتى وێنەگرتن لە بەرزاییەکی زۆرەوە کەوتەخوارەوە و گیانیلەدەستدا

ناس کورد-

لە ڕووداوێکدا لە ناوچەی گەشتیاریی "دۆڵی مەزن" لە ولایەتی ئەریزۆنا لە ئەمریکا ژنێک لەکاتی وێنەگرتندا لەبەرزاییەکی زۆرەوە کەوتە خوارەوە و گیانیلەدەستدا، دۆڵەکە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ کوشتنی گەشتیاراندا هەیە و ساڵانە 12 کەس بەهۆی ڕووداوی جیاوازەوە لەوێ گیانلەدەستدەدەن.

 

بەگوێرەی ڕۆژنامەی دەیلی مەیل، لەناوچەی گەشتیاری دۆڵی مەزن لە ولایەتی ئەریزۆنای ئەمریکا کە ناوچەیەکی گەشتیاری بەرز و مەترسیدارە، ژنێکی تەمەن 59 ساڵ بەناوی ماریا سەلگادۆ لۆپێز لەبەرزی 30 مەترەوە کەوتووەتەخوارەوە و گیانیلەدەستداوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ڕووداوەکە لەکاتێکدا ڕوویداوە کە ماریا لەگەڵ خێزانەکەی بەناوچە گەشتیارییەکەدا ڕۆشتوون و سەرقاڵی وێنەگرتن بوون.

 

بەگوێرەی دەیلی مەیل، لەکاتێکدا ڕۆژی هەینی ڕابردوو ڕووداوەکە ڕوویداوە و ماریا کەوتووەتەخوارەوە، بەڵام دوێنێ یەکشەممە توانراوە تەرمەکەی هەلبگیرێتەوە و بدرێتەوە بە خێزانەکەی.

 

 ئەو دۆڵە گەشتارییە، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ڕووداوەکانی مردن هەیە، بەشێوەیەک تەنها لەساڵی 2018دا 17 کەس لەو ناوچەیە کەوتوونەتەخوارەوە و گیانیانلەدەستداوە، ساڵی ڕابردووش چوار کەس هەرلەوێ کەوتونەتەخوارەوە گیانیانلەدەستداوە.

 

ڤانیسا سیرڤانتس، وتەبێژی پارکی گراند کانیۆن، دەڵێت، بەگشتی ساڵانە 12 لە ناوچەی گەشتیاریی دۆڵی مەزن گیانلەدەستدەدەن کە زۆرینەیان بەهۆی کەوتنەخوارەوە و سەرقاڵبوونە بە وێنەگرتن، یاخود خنکان.