گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەغدا چەند مەرجێکى بۆ هەرێم داناوە

میدیایەكی ڕووسی نهێنی گرنگ لەبارەی دانوستانەكانی هەرێم و بەغداوە ئاشكرا دەكات

2020.07.06 - 09:49
میدیایەكی ڕووسی نهێنی گرنگ لەبارەی دانوستانەكانی هەرێم و بەغداوە ئاشكرا دەكات

ناس کورد- 

میدیایەكی ڕووسی لەڕاپۆرتێكیدا ئاشكرای كرد، لەدواهەمین دانوستانەكانی هەولێر و بەغدا، بەرپرسانی عێراق چەند خاڵێكیان خستووەتە بەردەم شاندی هەرێم لەوانە ڕادەستكردنی سەرجەم داهاتە نەوتیەكان و 50%ى داهاتی خاڵە سنورییەكان و گومرگی ئیراهیم خەلیل و كشانەوەی پێشمەرگە لەچەند ناوچەیەك لەبەرامبەر ڕەوانەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام شاندەكە وتویانە ئەوان دەسەڵاتی بڕیاردانیان لەسەر ئەو خاڵانە نیە و دەبێت بۆ بڕیاردان بگەڕێنەوە بۆ هەولێر.

 

ئاژانسی سپۆتینگى روسى ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، گەرچی چەند خاڵێكی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا و دەستور هەیە كە چارەسەرێكە بۆ كێشە هەڵوسراوەكانی نێوانیان بەڵام هێزێكی شاراوە هەیە ڕێگرە لەوەی ئەو دوو لایەنە بگەنە ڕێكکەوتن و دەیەوێت هەر بەپشێوی و ئاڵۆزی نێوانیان بمێنێتەوە، ئەو هێزە كێیە كە بەربەست بۆ گەیشتن بەڕێکكەوتن لەنێوان بەغدا و هەولێر دادەنێت، ئایا دانوستەكان شكستیان هێناوە..؟

  

 سەركەوتنی بەرچاو

كیفاح مەحمود، كە پێشتر وتەبێژی بارەگای بارزانی بوو بە ئاژانسەکەى ڕاگەیاندووە، ناتوانن بڵێن دانوستانە یەك ساڵیەكەی نێوان هەولێر و بەغدا شكستدەهێنێت، لەبەر ئەوەی دانوستانەكان لەسەر كۆمەڵێك كیشەی هەڵواسراوی چەندین ساڵەی نێوان هەردوولایە و لەسەردەمی عەبدولمەهدیدا دانوستانەكان سەركەوتنی بەرچاویان بەخۆەوە بینی.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، دانوستانەكان لەدوای متمانە وەرگرتنی كازمییەوە دەستیانپێكردووە و هێشتا مانگێكی بەسەردا تێنەپەڕیوە و گەڕی چوارەمی دانوستانە هونەرییەكانی نێوان هەردولا دەبێت لەسەر زۆربەی پرسەكانی تایبەت بەوزە و نەوت و پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2020 عێراقدا.

 

خاڵی هاوبەش 

كیفاح مەحمود وتوشییەتی، وەكو سەرۆكی حكومەت ڕایگەیاندووە و بەپێی دەستوور خاڵی هاوبەش زۆرە گەر بۆ مەبەستی دیكە قۆرخ نەكرێن ئەوا ئەگەری گەیشتن بەڕێكکەوتنی كۆتایی نێوان هەردوولا هەیە.

 

باسی لەوەش كردووە، سستیەك هەیە لە دانانی نەخشە ڕێگایەك بۆ چارسەركردنی کێشە هەڵوسراوەكان بەتایبەتی ئەوەی كە پەیوەندی بەبڕی نەوت  لەدوای قەیرانی كۆرۆنا و دابەزینی نرخەكەیەوە هەیە، بەڵام ئیرادەیەكی جدی بەلای ئیدارەكەی كازمی و مەسرور بارزانیەوە دەبینێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و تێپەڕاندنیان و هەولێریش ئەوەی ڕاگەیاندووە ئامادەی چارەسەری هەموو كێشەكانە بەپێی دەستوور.

 

مەرجەكانی بەغدا

  

سەرچاوەیەكی ئاگادار بەماڵپەڕەكەی ڕاگەیاندووە، حكومەتی فیدراڵ بەپێی تێگەیشتنە فەرمییەكە كە لەكۆتایی مانگی ئایاردا هاتووەتە ئاراوە لەنێوان هەردوولادا، داواى ڕادەستكردنەوەی سەرجەم داهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەکات لەنەوت و باج و داهاتەكانی دیكە، ئەوەش لەبەرامبەر پێدانى 453 ملیار دینار مانگانە بە هەرێم.

 

سەرچاوەكە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، فیدراڵ داوای كردووە پێشمەرگە لەسەرجەم ئەو ناوچانە بكێشێتەوە كە بەخاڵی بایەخداری نێوان هەردوولا دادەنرێن لە سێگۆشەی فیشخابوور بۆ سنورەكانی 19ی ئاداری ساڵی 2002 و بۆ ئەوەی دەروازەیەكی سنوری نوێ و ڕاستەوخۆ بكرێتەوە و لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵیدا بێت و هەروەها خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیلیش بخرێتە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵەوە.

 

سەرچاوەكە ئەوەشی بە سپۆتینگ وتووە، خاڵێكی دیکە لەشكستی دانوستانەكان ئەوەیە حكومەتی فیدراڵ ڕەتیكردووەتەوە كار بەڕێکكەوتنی پێشوو بكرێت بەڕادەستكردنی 250 بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم بەكۆمپانیای سۆمۆی عێراقی چونكە پێیوابووە لەبنەمادا ئەو ڕێكکەوتنە یاسایی نیە و داوای سەرجەم داهاتە نەوتیەكانی كردووە هاوشێوەی سەرجەم پارێزگاكانی دیكە و لەبەرامبەریشدا حكومەتی فیدراڵ چارەسەری قەرزە كەڵەكەبووەكانی كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێم دەكاتەوە لەو ڕۆژەی كە نەوتەكەی ڕادەستدەكرێت.

 

سەرچاوە ئاگادارەكە كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، دەشڵێت، حكومەتی فیدراڵ داوای لەهەرێم كردووە بەڕێژەی 50% پشكی هەبێت لە داهاتە نانەوتیەكانی دیكەی هەرێم هەروەها سەرجەم دامەزراوە وردبینەكانی چاودێری دارایی هەرێمیش بخرێنە سەر فیدراڵ لەگەڵ هەڵگرتنی دەرامەتی گومرگی لەسەر سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق كە بەرەو پارێزگاكانی هەرێم دەچن.

 

سەرچاوەكە ئەوەشی دركاندووە، حكومەتی فیدراڵ سەرجەم ئەو خاڵانەی خستووەتە بەردەم شاندی هەرێم، بەڵام ئەوان ڕایانگەیاندووە دەسەڵاتی بڕیاردانیان لەسەر ئەو بڕگە و خاڵانە نیە و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ هەرێم بۆ ئەوەی تاوتوێى بكەن و بڕیارێكی دروستی لەبارەوە بدەن لەناوەڕاستی مانگی تەمموزی 2020. 



دوای ئەوەی ساڵی 2018 عادل عەبدولمەهدی متمانەی وەرگرت بۆ پێكهێنانی كابینەكەی، حكومەتی فیدراڵ و هەرێم ڕێكکەوتینێكان واژۆ كرد و بەپێی بودجەی ساڵی 2019 عێراق بۆ ڕەوانەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبوو حكومەتی هەرێم ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بكات بەڵام بەرپرسانی هەرێم بەدرێژایی ساڵێك زیاتر لەڕەوانەكردنی موچەی فەرمانبەران پابەندی ئەو ڕێكکەوتنە نەبوون و نەوتەكەیان ڕادەست نەكرد.