ناس کورد- محەمەد عومەر
لەکاتى بردنى دەستگیرکراوێک بۆ بەردەم دادگا و بەر لەوەى بگاتە ناو باڵەخانەى دادگاى زاخۆ لەلایەن سکاڵاکارەوە دەستگیرکراوەکە دەکوژرێت و سێ فیشەکى پێوە دەنێت و هەڵدێت و تا ئێستاش بکوژ دەستگیرنەکراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە میانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێرى ناس کورد ئامادەى بوو، مقەدەم هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک رایگەیاند " ئەمڕۆ کاتژمێر 1:00ى نیوەڕۆ گەنجێک بەناوی"ئ. م" لەلایەن کەسێکەوە کە ناوی " خ. ح" بوو بە چەک لەبەردەم دادگای زاخۆ بە سێ فیشەک کوژرا".
هێمن سلێمان ئاماژەى بەوە کرد، کوژراوەکە قەرزاری بکوژەکە بووە و ماوەیەک بوو لەلایەن پۆلیسەوە لەسەر کۆمەڵێک لەم کەیسانە دەستبەسەر کرابوو و ئەمڕۆ بڕیار بوو لە دادگا ئامادەبێت لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە.
وتەبێژى پۆلیسى دهۆک رونیکردەوە کە بکوژەکە لەدواى رووداوەکە هەڵهاتووە و هێشتا دەستگیرنەکراوە بەڵام دڵنیایى ئەوەیدا کە ناسنامەى بکوژەکە ئاشکرایە و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی بەندی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی پەڕەی لێکۆڵینەوەى بۆ کراوەتەوە و گەڕان بە شوێن دەستگیرکردنى بەردەوامە.
ناس کورد زانیویەتى بکوژەکە سەر بە عەشیرەتى میرانییە و هیچ خزمایەتى و نزیکایەتییەکى لەگەڵ بەرپرسێکى باڵاى پارتى نییە کە لە بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکرێت.
هاوکات بەپێى زانیارییەکانى ناس کورد کوژراوەکە بازرگانى مۆبایل بووە و بڕى 750000دۆلار قەرزاری بکوژەکە بووە .