گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەوی ڕابردوو موشەکێکی پوچەڵکردەوە

زانیاری ورد لەسەر ئەو سیستمە بەگرییەی کە ئەمریکا لە باڵیۆزخانەکەى لە بەغدا دایناوە

2020.07.05 - 15:36
زانیاری ورد لەسەر ئەو سیستمە بەگرییەی کە ئەمریکا لە باڵیۆزخانەکەى لە بەغدا دایناوە

ناس کورد-

شەوی ڕابردوو هێرشێکی موشەکی کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، بەڵام سیستمی بەرگری هێرشەکەى پوچەڵکردەوە و موشەکەکەى دورخستوە، دواتر لە بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوت و بووە هۆی برینداربوونی منداڵێک.

ئەو بابەتە بووە هۆی توڕەیی چەند لایەنێکی عێراقی نزیک لە ئێران، هاوپەیمانی فەتح كارەكەی بە پێشێلكردنی دابونەریتی دیبلۆماسی لە قەڵەمدا.


پسپۆڕێكی دیاری بواری ئاسایشی عێراقی ڕایگەیاند، لە مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە جۆرە سیستمێك بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا جێگیر كراوە و لەتوانایدا هەیە زۆربەی هێرشەكان پوچەڵبكاتەوە.

 

لە تویتێکیدا هیشام هاشمی پسپۆڕی دیاری كاروباری ئاسایشی عێراقی ڕایگەیاندووە، سیستمی بەرگریی C-Ram سیستمێکی بەرگریی كورتمەودایە بۆ بەرپەچدانەوەى موشەک و موشەكی كاتێۆشا، بە ئاگاداری عادل عەبدولمەهدی و لە كۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵدا بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا دانراوە.

 

بەڵام چەند سەرچاوەیەکی تری ئەمنیی عێراقی دەڵێن، سیستمەکە لە ساڵی 2008ەوە لە عێراق دانراوە.

 

باسی لەوەش كردووە، تیچووی ئەو سیستمە هاوشێوەی پاتریۆت نییە و توانای گرتنی ئامانجەكانی لە 70 بۆ 80% هەیە و ئەمڕۆش توانیویەتی موشەكێكی كاتیۆشا لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا دووربخاتەوە.

 

هەر دوای ڕووداوەکە، تۆڕی ڕاگەیاندنی جەنگی عێراق ڕایگەیاند، "موشەکێکی کاتیۆشا بە ئاڕاستەى ناوچەى سەوزی بەغدا تەقێنراوە و دواتر لە خانوویەکی داوە و بووەتەهۆی برینداربوونی منداڵێک."

 

بەڵام سیستمە بەرگرییەکە چییە و چۆن کار دەکات؟


سیستمی C-Ram سیستمێکی بەرگرییە و دروستکراوە بۆ پاراستنی ناوچە و شوێنە هەستیارەکان، پەرپەچی بۆمب و موشەکە تەقلیدییەکان دەداتەوە وەک کاتیۆشا و ئاربیجی و هاوەن، ئەو موشەک و بۆمبانە قورسترین چەکن بۆ بەرپەچدانەوە.

 

سیستمەکە چەند ڕەشاشێکی خولاوی لە جۆری M-61 ی عەیارە 20 ملم هەیە و دەتوانێت لە یەک خولەکدا چوار هەزار و 500 فیشەک بتەقێنێت، مەودای کاریگەرییەکەى سێ هەزار و 500 مەترە و بە ڕادار نیشانە و ئامانجەکان دیاری دەکات.

 

سیستمەکە جۆری وشکانی سیستمی Phalanx CIWS دەریاییە کە لەسەر کەشتیە گەورە سەربازییەکان دانراون بۆ بەرپەچدانەوەى موشەک و پاراستنی کەشتییەکان.

لەکاتی بوونی هەر هەڕەشەیەک، سیستمەکە زەنگێکی ئاگادارکردنەوە لێ دەدات و خێرا هەوڵی تێکشکاندنی دەدات.