گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شارەزایەکی بەناوبانگی ئەمنیی عێراقی بۆ ناس کورد دەدوێت

تا کۆتایی ئەمساڵ کازمی زیاتر ’’لە هەزار پۆستی دیکەی ئەمنی و سەربازی دەگۆڕێت’’

2020.07.04 - 19:06
تا کۆتایی ئەمساڵ کازمی زیاتر ’’لە هەزار پۆستی دیکەی ئەمنی و سەربازی دەگۆڕێت’’

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

شارەزایەکی ئەمنیی عێراقی دەڵێت، گۆڕانکارییەکانی کازمی لە پۆستە ئەمنی و سەربازییەکاندا بەشێکە لەو بەرنامە حکومییەی کە بەڵێنی دابوو لە سەروبەندی ڕاسپاردنی وەک سەرۆکی حکومەت، و پەیوەندی بە ئەمریکاوە نییە، دەشڵێت، تاکۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە هەزار پۆستی سەربازی و ئەمنی لە عێراقدا گۆڕانکاریان بەسەردا دێت.

 

لە زنجیرە گۆڕانکارییەکانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پۆستە باڵاکانی حکومەتى عێراق، بڕیار درا بە دانانی دوو کەسی تر بۆ پۆستی ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی و سەرۆکى دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی.  

 

ئەمڕۆ شەممە، 4ی تەموزی 2020، قاسم ئەعرەجی بە ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی دانرا، هاوکات عەبدولغەنی ئەسەدیش کرا بە سەرۆکى دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، پێشتر فالح فەیاز کە بە کەسێکی نزیکی ئێران دادەنرێت هەردوو پۆستەکەى بەڕێوەدەبرد.  

 

لەوباریەوە هیشام هاشمی، شارەزای بەناوبانگی عێراقی لە بواری ئەمنیدا لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕایگەیاند: "لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا بەشێکی زۆر لە پۆستە ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەتی عێراق لەلایەن چەند کەسایەتییەکەوە بە شێوەیەکی نایاسای پڕکرابوونەوە".

 

وتیشی: "پۆستەکەکانی فالح فەیاز و چەند پۆستێکی تری ئەمنی و سەربازیی کە ئێستا سەرۆکوەزیران سەرقاڵی گۆڕانکارییە تێیاندا، بەبێ دەنگدانی پەرلەمان پڕکراونەتەوە، لە کاتێکدا بەگوێرەی دەستوری عێراقی دەبێت هەموو پلە تایبەتەکان بەدەنگدان و پەسەندکردنی پەرلەمانی عێراق بێت".

 

لەبارەی ئەوەی ئەو گوڕانکاریانەی کە ئێستا کازمی سەرقاڵیەتی، پەیوەندی بە فشاری ئەمریکاوە هەیە؟ بەبڕوای هاشمی "ئەمریکا هیچ فشارێکی نەکردووەتە سەر مستەفا کازمی بۆ ئەنجامدانی ئەو گۆڕانکارییانە، بەڵکو ئەوەی ئێستا کازمی دەیکات بەشێکە لە کارنامەی حکومەتەکەی کە لەسەرەتای ڕاسپاردنی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت بەڵێنی دابوو جێبەجێیبکات کە چەندین ڕەهەندی نیشتیمانی دیکەش دەگرێتە خۆی".

 

بەوتەی ئەو شارەزا ئەمنییە عێراقییە هەڵمەتی گۆڕانکاری لە پۆستە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراقدا لە لایەن کازمییەوە درێژەی دەبێت و بەچەند قۆناغێدا تێدەپەڕێت و دەڵێت: "گۆڕنکارییەکان بەردەوام دەبن تا کۆتایی ئەمساڵ و بەسێ قۆناغ ئەنجامدەرێن کە هەزار و 40 پۆستی ئەمنی و سەربازی دەگرێتە خۆی لە کۆی شەش هەزار پلە و پۆستی ئەمنی و سەربازی لە عێراقدا".

 

هاشمی وتیشی، عەبدولغەنی ئەسدی و قاسم ئەعەرجی پاش ڕەزامەندی پەرلەمان پۆستەکانیان وەردەگرن، بۆ لەمەودوا هەموو پلە تایبەتەکان دەبێت بەو شێوەیە پڕبکرێنەوە.

 

"کازمی کارەکانی زۆر بەوردی و وریایەوە دەکات لە ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکان پێشێلی دەستوری نەکردووە و لە هەمانکاتیشدا پرس و ڕاوێژی بە لایەنە سیاسییەکانی عێراق کردووە پێش پیادەکردنی ئەو هەنگاوە"، هیشام هاشمی وای وت.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتریش، کازمی عەبدولوەهاب ساعدی، بەرپرسی پێشووی دەزگای دژەتیرۆری گەڕاندەوە بۆسەر پۆستەکەی کە پێشتر لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی دورخرایەوە و ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە بەهۆی خۆشەویستی ساعدی لەناو هاووڵاتیانی عێراقدا.

 

هاوکات، پێشتر کازمی، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان، وتەبێژی حکومەت و دیوانی وەقفی سونی و شیعی و چەند پۆستێکی تردا کرد.