گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چەند کەیسێکی هەراسانکردنی کچان و ژنانمان لەناو دەزگا میدیاییەکان وەرگرتووە

میترۆ: کۆرۆنا بووەتە پاساوێکی دیکە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕۆژنامەنوسی

2020.07.04 - 18:08
میترۆ: کۆرۆنا بووەتە پاساوێکی دیکە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕۆژنامەنوسی

ناس کورد-

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنوسان ئاماری پێشێلکارییەکانی شەش مانگی ڕابردووی بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کۆرۆنا بووەتە پاساوێکی دیکە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕۆژنامەنوسی، ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو کەیسی هەراسانکردنی كچان و ژنان لەناو دەزگاكانی میدیا تۆمارکراون.

 

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی ڕۆژنامەنوسان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: " لە شەش مانگی رابردوودا لە 1ی كانوونی دووەم بۆ 30 حوزەیرانی 2020، سەنتەری میترۆ (98) جۆری پێشێلكاری بەرامبەر (72) رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن تۆمار كردوە، لە ناویاندا (5) رۆژنامەنوسی ژن بوون".

 

پێشێلکارییەکان بەم شێوەیەن:

(53) حاڵەتی رێگری لە رووماڵكردن

(5) حاڵەتی هەرەشە

(7) حاڵەتی دەستبەسەركردن لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسای رۆژنامەگەری

(8) هێرش و لێدان

(9) حاڵەتی دەستبەسەركردن بە بێ فەرمانی دادگا

(11) حاڵەتی دەستبەسەركردنی شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەنوسان

(3) هێرشی ئەلیكترۆنی

(2) كەیسی هەراسانکردنی  كچان و ژنانی لەناو دەزگاكانی میدیا.

سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەکردووە، لە كۆتایی مانگی شوبات لەگەڵ دەسپێكردنی پلانی حكومەت بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا داوای لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان كرد لە قۆناغی خۆپاراستن لە نەخۆشی "كۆرۆنا" پاڵپشتی هەڵمەتی نیشتیمانی بكەن بۆ خۆپارێزی لەم پەتایە و بڵاوكردنەوەی رێنمایی وهۆشیاری خۆپارێزی تەندروستی، نەبنە سەكۆیەك بۆ بەرهەمهێنانی ترس و پروپاگەندە، پشت بە سەرچاوەی فەرمی ببەستن.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەماوەی چوار مانگی رابردوو كە ماوەی قۆناغی رێوشوێنەكانی خۆپارێزییە لە هەرێمی كوردستان، لە بری ئاسانكاری زیاتر بۆ دەزگاكانی راگەیاندن و پەیامنێرەكانی، دامەزراوە جۆراجۆرەكانی حكومەت لە هێزی چەكدارو مەدەنییان فشاری زیاتریان خستەسەر رۆژنامەنوسان، تەنانەت لە هەندێ حاڵەتدا ئۆباڵی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووانی خستە سەر شانی هەندێک دەزگای میدیا، دیارترینیان كەناڵەكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە هەرێمی كوردستان.

 

لەڕاگەیەندراوەکەی سەنتەری میترۆدا هاتووە: "ئەم رێگری و فشارانە لە كاتێكدایە كە لەم قۆناغەدا زۆرینەی میدیای بینراو، بیستراو و ئەلیكترۆنی، رۆڵی گرنگیان هەبووە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی، بە زانیاری دروست بەشداربوون لە هەڵمەتی خۆپارێزی و ئەركی پیشەیی خۆیان جیبەجێكردوە، دەیان رۆژنامەنوس خۆیان خێزانەكانیان توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، ئەمەش جێگەی ستایشە، نەك سەرزەنشت و پەلاماردانی مافەكانیان".

 

سەنتەری میترۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لەناو ئەم بارودۆخەدا جیاكاری و هەراسانكردنی ژنان و كچانی رۆژنامەنوس بەردەوام بوو، میترۆ هەندێک كەیسی هەستیاری وەرگرتوە كە پەیوەندی بە هەراسانكردنی كچان و ژنانی رۆژنامەنوسەوە هەبووە لە ناو دەزگانی میدیای كوردستانی".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: 'سەرنجمان داوە كە ناهاوسەنگییەكی تەواو هەیە لە بەشداری ژنان لەناو هەواڵ و راپۆرت و بەرنامەكانیادا، داوا دەكەین هەنگاو بنێن بەرەو گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ پرسەكانی جێندەر،  بەشدارییەكی هاوسەنگ هەبێت، چونكە ژنان و كچان لە هەموو بوارەكانی قۆناغی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنادا رۆڵی گرنگیان هەبووە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان کردووە:

 

  • گرەنتی ئازادی رۆژنامەگەری بكەن كە بەپێی یاسای كاری رۆژنامەوانی رێكخراوە، لەپاڵ یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری و بەهیچ شێوەیەك بەربەست نەخەنە بەردەم ئازادی كاری رۆژنامەنوسان.

 

  • ئازادی بیروڕا و رادەربڕین بەشێوەیەكی مەدەنییانە مافێكی سروشتی و یاساییە، ناكرێت بەهیچ پاساوێك پێشێلبكرێت.

 

  • دەسەڵاتی دادوەری و ئەنجومەنی دادوەری و داواكاری گشتی پێویستە رۆڵی خۆیان بگێڕن لە پاراستنی سەروەری یاسا و دادگاییكردنی سەرپێچیكەران بەرامبەر رۆژنامەنوسان.

 

  • كۆسپەكانی بەردەم كاری رۆژنامەنوس لەگەیشتن بەسەرچاوەی زانیاری لاببرێت.

 

  • جیاكاری لەنێوان كەناڵەكانی راگەیاندندا نەكرێت بۆ بەدەستهێنانی زانیاری، بەڵكو رێگە بەهەموو میدیاكان بدرێت بەبێ‌ بەربەست روماڵی ئەو هەواڵ و روداوانە بكەن كە جێی بایەخی خەڵكن.

 

  • پێویستە راگرتن (تەوقیفكردن)ی رۆژنامەنوسان لەسەر كەیسەكانی تایبەت بەبڵاوكردنەوەو ئازادی بیروڕا نەمێنن.

 

  • جگە لەپۆلیس هیچ دەزگایەكی ئەمنی بۆی نەبێت رۆژنامەنوس بانگ بكات، ئەویش تەنها بەفەرمانی دادوەر بێت.