گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بە 600 ملیۆن دۆلار ڕازی نەبوون’’

ناس کورد ئەو بڕە پارەیە ئاشکرا دەکات کە هەرێم لە بەغدای داوا دەکات

2020.07.04 - 17:01
ناس کورد ئەو بڕە پارەیە ئاشکرا دەکات کە هەرێم لە بەغدای داوا دەکات

ناس کورد-

بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندی باڵای حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە و سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لە گفتوگۆکان ڕەتیدەکاتەوە هەرێم بە 600 ملیۆن دۆلار ڕازی بوبێت و دەڵێت، هەرێم سەرجەم داهات و خەرجییەکانی خستووەتە بەردەم بەغدا و داوای 900 ملیۆن دۆلاری کردووە.

 

سەرچاوەیەکی تایبەت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندی باڵای حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر پرسی بودجە و نەوت".

 

وتیشی، شاندەکە هەمان شاندی پێشوو دەبێت و حکومەتی هەرێم نەک لەم سەردانەدا، بەڵکو لە سەردانی پێشووشدا هەموو ئامادەکارییەکی کردبوو بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و چەند پێشنیازێکیشی داوەتە بەغدا لەسەر ئەو پرسانەی کە ناکۆکن تێیدا.

 

دەربارەی ئەوەی حکومەتی هەرێم ڕەزامەند بێت بەرامبەر وەرگرتنی 600 ملیۆن دۆلار ڕێککەوتن بکات، سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد: "ئەوە لە هەندێک میدیا بڵاوبووەتەوە و شاندی حکومەتی هەرێم بەهیچ شێوەیەک پێشنیازی لەوشێوەیەی نەداوەتە بەغدا و ڕەزامەندی نەداوە، شاندەکە سەرجەم بڕی داهاتی هەرێم و خەرجییەکانیشیان خستووەتە بەردەم بەغدا و وتوویانە ئەوە داهات و ئەوەش خەرجییەکانمان کە تەنها بۆ موچە پێویستمان بە 894 ملیۆن دۆلارە".

 

 

سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشیکردەوە: "تاوەکو ئێستا بەوشێوەیە باسی بڕی پارە لەنێوان هەردوولادا نەکراوە کە لە هەندێک میدیاوە بڵاوبووەتەوە و تەنانەت لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران باسکرا کە ئەو ژمارانە لەکوێوە هاتوون و هەندێک لە میدیاکان لەکوێوە هێناویانە، چونکە بەهیچ شێوەیەک بەوشێوەیە نییە".

 

"حکومەتی هەرێم بۆ موچە 894 ملیۆن دۆلاری دەوێت، لانیکەم مانگانە 150 ملیۆن دۆلاریش بودجەی تەشغیلی دەوێت، هەرچۆنێک بێت لەئێستادا کە نرخی نزمە، ئەگەر مانگانە 900 ملیۆن دۆلاریش بدەنە هەرێم، بۆ ئێستا باشە"، سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم وای وت.

 

لەئێستادا و لەسەروبەندی کێشەکانی هەردوولادا، حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی موجەی فەرمانبەرانی خۆی بۆ دابین ناکرێت و بەناچاری قەرز دەکات و خۆشی لە قەیرانی داراییدایە.

 

سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد: "حکومەتی عێراق بەهۆی ئەو دۆخەی خۆی تێیکەوتووە، دەیەوێت هەرێم بە داهاتەکانی خۆی خۆی بەڕێوەبەرێت، هەرچەندە هەرێمیش ئەو دۆخەی عێراقی لەبەرچاو گرتووە و بەشێک لە داواکارییەکانی کەمکردووەتەوە".

 

لە 29ی ئایار حکومەتی عێراق بڕی 400 ملیار دیناری بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نارد و ڕایگەیاند، تاوەکو هەردوولا لەسەر کێشەکانی نێوانیان نەگەنە ڕێککەوتن، هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ هەرێم نانێرن، ئێستا 34 ڕۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە و هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە، هاووڵاتیانی هەرێمیش چاوەڕوانن ڕێککەوتنێک بکرێت و مانگانە بەغدا موچە بنێرێت، تاوەکو ئیتر لە دڵەڕاوکێی دواکەوتنی موچەدا نەمێننەوە.