ناس کورد-
کۆمەڵەی تالاسیمیا لە هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، قەیرانى کەمى خوێن لە هەرێم دروستبووە و پێویستە چارەسەر بکرێت تاوەکو توشبووانى تالاسیمیا بتوانن ڕۆژانە خوێنى پێویست وەربگرن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کۆچەر کەریم ئەحمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیا بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "ماوەی چوار رۆژە قەیرانى کەمى خوێن دروستبووە و بانکی خوێن پێیان وتووین کە هەر نەخۆشێکی تالاسیما پێویستی بە خوێن بێت لە ئێستادا خوێنمان نییە".
وتیشى، "رۆژانە 30-35 توشبوو هەریەکەیان پێویستیان بەیەک بتڵ خوێن هەیە، بۆیە ئەگەر رەوشەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت گرفت بۆ توشبووان دروستدەبێت".
کۆچەر کەریم باسى لەوەشکرد، لە ئێستادا ئەوەى زیاتر پێویستیانە خوێنى جۆری +A.
ئەوەشى خستەڕوو، دوو رۆژ مۆڵەت دەدەنە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتە و دواتر رێکارى دیکە دەگرنەبەر.
بەپێی ئامارەکان، لە ههرێمی كوردستان سێ ههزارو 600 نهخۆشی تالاسیمیا ههن کە پێویستیان بە چارەسەرە.
مانگى ڕابردوو لەرۆژى جیهانى نهخۆشی تالاسیمیادا، كۆمهڵهی تالاسیمیای كوردستان هۆشداریدا لەوەى ژیانى توشبووان لە بارودۆخێکى خراپدایە، ئەوەش بەهۆى دواکەوتنى پێدانى موچە و کەمى و نەبوونى چارەسەرى پێویست لە نەخۆشخانەکان.