گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شێوازێکى نوێ پێشنیاز دەکات

وەبەرهێنانى سلێمانى لە میکانیزمى کەمکردنەوەى نرخى خزمەتگوزاریی یەکەکانى نیشتەجێبوون ناڕازییە

2020.07.04 - 11:03
وەبەرهێنانى سلێمانى لە میکانیزمى کەمکردنەوەى نرخى خزمەتگوزاریی یەکەکانى نیشتەجێبوون ناڕازییە

ناس کورد-

 

بەڕێوەبەرى وەبەرهێنانى سلێمانى ڕایگەیاند، کەمکردنەوەى خزمەتگوزاریی یەکەکانى نیشتەجێبوون بەو شێوەیە نابێت کە کراوە، بەڵکو دەبێت نرخى یەکەى سەرجەم خزمەتگوزارییەکان کەمبکرێنەوە.

 

 

هەفتەى ڕابردوو بەرپرسانى پارێزگاى هەولێر کەمکردنەوەى نرخى خزمەتگوزاریی بەشێک لە یەکەکانى نیشتەجێبونیان لەسنورى پارێزگاکە بەرێژەى جیاجیا ڕاگەیاند، ئەوەش دواى ئەوەى حکومەت لەو بارەیەوە بڕیاریدابوو.

 

عەزیز سەعید بەڕێوەبەرى وەبەرهێنانى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند "ئەو کارە بەو شێوەیە نابێت و لە هەولێر تەنها حەوت پڕۆژەى گرتووەتەوە، پێویستە میکانیزمەکە بۆ کەمکردنەوەى یەک بەیەکى خزمەتگوزارییەکان بێت".

 

وتیشى "دەستەى وەبەرهێنانمان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو بڕیارە بەو شێوەیە جێبەجێناکرێت، بەڵکو دەبێت نرخى یەکەى هەر خزمەتگوزارییەکى وەکو کارەبا و غاز و ئاو و ئەوانەى دیکە یەک بەیەک دیاریبکرێن و پێداچونەوەیان پێدا بکرێت".

 

عەزیز سەعید باسى لەوەشکرد، نرخى خزمەتگوزاریی بەشێک لە پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون لەسلێمانى لەنێوان 25-60 هەزار دیناردایە، جگە لە هەندێک پڕۆژە کە دانیشتوانەکەى خۆیان ڕازى نین بە کەمکردنەوەکە، چونکە غاز و کارەبا و ئاو و خزمەتگوزاریی 24 کاتژمێریان دەوێت.

 

ئەوەشى خستەڕوو، لەم دۆخەى ئێستادا ئەو کارە جێبەجێکردنى ئاسان نییە، بەتایبەت کە پشوو ڕاگەیەنراوە بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە، بەڵام بەهەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى دیکە ئامادەن ئەو کارە بکەن، هەرچەندە ئەوە کارى وەبەرهێنان نییە.

 

لە هەرێمى کوردستان بەسەدان پڕۆژەى نیشتەجێبوون هەیە کە لەناوچە جیاجیاکان لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە دروستکراون و لەهەریەکەیان نرخێکى جیاواز بۆ خزمەتگوزارییەکان دیاریکراوە کە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە لە دانیشتوانى پڕۆژەکان وەردەگیرێت.  

  

تا ئێستا حکومەت هیچ نرخێکى بۆ خزمەتگوزارییەکانى ئەو پرۆژانە دیارینەکردووە و پرسەکەى بۆ وبەرهێنەران جێهێشتووە.

 

پێشتر ناس کورد بەدواداچونێکى بڵاوکردەوە لەبارەى نرخى خزمەتگوزاریی لە یەکەکانى نیشتەجێ بوون بەتایبەتى نرخى یەکەى کارەبا و ئاشکرایکردبوو ئەو نرخەى لەو یەکانە وەردەگیرێت نزیکەى 20 هێندەى نرخى کارەباى نیشتیمانییە. 

 

بەپێی بەدواداچونەکە، نرخى کارەبا لەو یەکانە، بەگشتى لەنێوان 150 بۆ 280 دیناردایە بۆ هەر کیلۆواتێک، لەکاتێکدا نرخى هەر کیلۆواتێک کارەباى نیشتیمانى تەنها 15 دینارە و نرخى هەر کاتژمێرێک موه‌لیدەى گەڕەکەکان 35 بۆ 40 دینارە.