ناس کورد - ئاکۆ حەمەد رابی
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆە لە سنوری باڵەکایەتی سێ کەس گیانیانلەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون کە سەرجەمیان ئەندامی خێزانێکن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕائید دلاوەر لەتیف، وتەبێژی هاتوچۆی سۆران بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ڕووداوێکی هاتوچۆ لە جۆری وەرگەڕان لە گوندی وێزێیی باڵەکایەتی ڕوویدا و سێ کەس گیانیانلەدەستداوە و چوار کەسیش برینداربوون".
ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو سێ کەسەی گیانیانلەدەستداوە پێکهاتوون و دوو ژن کە هەردووکیان هاوسەری پیاوێک بوون و زاوایەکیشیان، هەروەها چوار کەسەکەی دیکەش هەر لە ئەندامانی ئەو خێزانەن، واتە سەرجەم قوربانییەکان ئەندامی یەک خێزانن".
ڕونیشیکردەوە، ئۆتۆمبێلەکەیان جۆری تۆیۆتا لاندگرۆزەر بووەو لە پێچێکەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوەو ئۆتۆمبێلەکە هەڵدێراوەو کەوتۆتە سەر تەنشت و ئەو ڕووداوەی لێکەوتۆتەوە.
وتەبێژی هاتوچۆی سۆران وتیشی، تەرمەکان گواستراونەتەوە بۆ پزیشکی دادی سۆران و بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران کراون.