گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 هیندستان سەرقاڵی تاقیکردنەوەی پێکوتەیەکە دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر مرۆڤ

2020.07.03 - 14:48
 هیندستان سەرقاڵی تاقیکردنەوەی پێکوتەیەکە دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر مرۆڤ

ناس کورد-

 کۆمپانیایەکی دروستکردنی دەرمان لە وڵاتی هیندستان ڕایگەیاند، پاش سەرکەوتنی  تاقیکردنەوەی پێکوتەکەیان لەسەر ئاژەڵ و بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش، دەسەڵاتی تەندروستی وڵاتەکەیان ڕێگەی پێداون لە چوارچێوەی توێژینەوەکانیاندا پێکوتەکە لەسەر مرۆڤ تاقی بکەنەوە.

 

کۆمپانیای "زیدۆس"ى هیندی بۆ دروستکردنی دەرمان ڕایگەیاند، "دەسەڵاتی تەندروستی وڵاتەکیان ڕێگەی پێداون ئەو پێکوتەیەی کە ماوەیەکە سەرقاڵی توێژینەوەن لەسەری، تاقیکردنەوەی تەختی لەسەر مرۆڤ دەستپێبکەن ".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، "تاقیکردنەوەی پێکوتەکە لەسەر ئاژەڵ سەرکەوتنی باشی بەدەستهێناوە و توانیویەتی تەنی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو خوێنى ئاژەڵەکاندا دروست بکات و لە ماوەیەکی کورتدا ئاژەڵە توشبووەکان لە ڤایرۆسەکە ڕزگاریان بێت".

 

 لەئێستادا وڵاتی هیندستان ڕیزبەندی چوارمی لەسەر ئاستی جیهان هەیە لە ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەگەڵ ڕێگەپێدان بە کۆمپانیاى زیدۆس بۆ تاقیکردنەوەی پێکوتەکەیان لەسەر مرۆڤ ڕێگەش بە کۆمپانیای دیکەی ئەو وڵاتەش دراوە لەوانە کۆمپانیای (بەهارات بیوتیک) بۆ ئەوەی هاوشێوەی کۆمپانیای زیدۆس تاقیکردنەوەی تەختی لەسەر مرۆڤ ئەنجام بدەن.

 

زانیارییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بڕیارە کۆمپانیای( زیدۆس) لەم مانگەدا دەستبکات بە تاقیکردنەوەی پێکوتەکەی لەسەر هەزار کەس لە وڵاتی هێندستان.

 

 لە کۆی 100 پێکوتەی پێشنیارکراو دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا زیاتر لە 12 دانەیان لە ئێستادا ڕێگەیان پێدراوە لەسەر مرۆڤ تاقیبکرێنەوە.

 

لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی هیندستان 600 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، ئەوانەشی بە پەتاکە گیانیانلەدەستداوە نزیکەی 19 هەزار کەسە.