گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’لە لێواری مەترسییەکی گەورەدایە’ 

فریاکەوتنى نێودەوڵەتى ’هەژاری تەنگی بە هاووڵاتیانی عێراق هەڵچنیوە’

2020.07.03 - 13:12
فریاکەوتنى نێودەوڵەتى ’هەژاری تەنگی بە هاووڵاتیانی عێراق هەڵچنیوە’

ناس کورد-

لیژنەی فریاکەوتنی نێودەوڵەتی تایبەت بە قەیرانە مرۆییەکان لە جیهان ڕایگەیاند، ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق لەماوەی یەک مانگدا بەڕێژەی 600% بەرزبووەتەوە، هۆشدارى لە بەرزبوونەوەى ڕێژەى هەژارى لەو وڵاتە دەدات. 

 

بەگوێرەی دواین ئامارەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق کۆی گشتی توشبووانی پەتای کۆرۆنا گەیشتووەتە زیاتر لە 53 هەزار حاڵەت و نزیکەی دووهەزار و100 کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیانلەدەستداوە.

 

لیژنەی فریاکەوتنی نێودەوڵەتی تایبەت بە قەیرانە مرۆییەکان لە جیهاندا، داوایکرد هەوڵەکان چڕبکرێنەوە لە بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراقدا کە لەئێستادا "داتاکانی توشبوون و گیانلەدەستدان بەو ڤایرۆسە لەو وڵاتە گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدا".

 

ڕوونیشکراوەتەوە، "لە نێوان سەرەتای مانگی حوزەیرانی ڕابردوو و سەرەتای ئەم مانگەدا ژمارەی توشبووان بە پەتاکە لە عێراقدا لە شەش هەزارو 868 حاڵەتەوە بەرزبۆتەوە بۆ 53 هەزار و 708 حاڵەت ئەو هەڵکشانەش ڕێژەکەی دەکاتە 600% کە ڕێژەیەکی زۆر مەترسیدارە بەروارد بە حاڵەتەکانی توشبوون لە وڵاتانی دیکەی جیهاندا".

 

 کرستین پیتری، بەڕێوەبەری لیژنەی فریاکەوتنی نێودەوڵەتی تایبەت بە قەیرانە مرۆییەکان لە عێراق لەو باریەوە ڕایگەیاند : "بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە لە عێراق نیگەرانی کردووین، ڕۆژانە هەزار بۆ دوو هەزاری حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسەکە  تۆماردەکرێن و هیچ ئاماژەیەکیش لە کەمبوونەوەی ڕێژەی توشبوون لە ئارادا نییە".

 

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە، داواشی لە دەسەڵاتی تەندروستیی عێراق و هاووڵاتیان کردووە هەوڵەکان چڕبکەنەوە بۆکەمکردنەوەی ژمارەی توشبووان بە نەخۆشییەکە ئەوەش لە "ڕێگای پابەندبوون بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتاکە  کە لە هەموویان گرنگتر دورکەوتنەوەیە لە کۆڕ وکۆبوونەوە و شوێنە جەنجاڵییەکان".

 

پیتری، ئاماژەی بەوەشکرد: "بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیانی عێراق لە ئاکامی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە کارەکانیان لە دەستداوە ئەوەش وایکردووە توانای داراییان لاواز بێت و کەمتر توانای کڕینی خۆراکی ڕۆژانەیان هەبێت".

 

 بە گوێرەی ڕوپێوێکی ڕێکخراوە جیهانییەکە دەرکەوتووە، " بەهۆی کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق خەڵکی ئەو وڵاتە دوچاری نەهامەتییەکی سەخت بوونەتەوە بە جۆرێک لە 87%ی عێراقییەکان بەهۆی ڕێکارەکانی قەدەغەی گشتی کارەکانیان لە دەستداوە و 73%ی عێراقییەکان ژەمەکانی نانخواردنیان کەمکردوەتەوە، 68% ی ناچاربوون لەو پارانەی کە هەڵیانگرتووە  خەرج بکەن و 61%ش ڕووبەڕووی قەرزداری بوونەتەوە".

 

هاوکات حازم جومیلی، جێگری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لەو بارەیەوە بە ئاژانسی فەرمی عێراق( نینا)ی ڕاگەیاندووە،"ئەوان هێشتا لە چوارچێوەی شەپۆلی یەکەمی نەخۆشییەکەدان، شلکردنەوەی ڕێکارەکانی بەرگرتن لە ڤایرۆسەکە عێراق دووچاری  لێدانی شەپۆلی دووەمی پەتاکە دەکاتەوە".

 

لای خۆشیەو عادل رکابی، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆمیدیاکانی عێراق ڕایگەیاند : "بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا لە 22 % بەرزبووەتەوە بۆ 34%".

 

وتیشى: "حکومەتی عێراق بۆ بەرگرتن لە هەڵکشانی زیاتری ڕێژەی هەژاری لە نێو عێراقییەکاندا لە هەماهەنگی تەواودایە لەگەڵ لایەن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان".