ناس کورد-
وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد کە ئەگەر تورکیا لەشکرکێشییە سەربازییەکانى بۆ سەر هەرێمى کوردستان رانەگرێت، ناچار دەبین چەکى ئابورى و بازرگانى لەدژى بەکاربهێنین.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، راگەیەندراوێکى لەبارەى لەشکرکێشییە سەربازییەکانى تورکیا بۆ سەر هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد " فەرماندەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لەگەڵ برایانمان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پەیوەندیدان بۆ هەماهەنگیکردن لەبارەى بوارى ئەمنى ناوچەکە".
وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق رونیکردەوە "ئاڵوگۆڕێکى بازرگانى گەورەمان لەگەڵ تورکیا هەیە کە بە بەهاى 16 ملیار دۆلارى ساڵانە لە بەرژەوەندى تورکیایە و سەدان کۆمپانیاى بازرگانى و ئابورى تورکیا لە عێراقدا کار دەکەن".
وتیشى "هیوادارین لەشکرکێشییە سەربازییەکەى تورکیا بەشێوەى سیاسییانە چارەسەر بکرێت".
هۆشدارى ئەوەشیدا، ئەگەر عێراق ناچار بێت و تورکیا لەشکرکێشییە سەربازییەکانى بۆ سەر هەرێمى کوردستان رانەگرێت چەکى ئابورى و بازرگانى لەدژى ئەو وڵاتە بەکاردەهێنێت.
ئەحمەد سەحاف بەدوریشینەزانى عێراق پەنا بۆ ئەنجومەنى ئاسایش ببات و سکاڵا لەدژى تورکیا تۆماربکات و داواى دەرکردنى بڕیارێک بکات بۆ سەرکۆنەکردنى پێشێلکارییە بەردەوامەکانى تورکیا.