گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داهاتى نەوت و دەروازە سنورییەکان لەکوێى ڕێککەوتنەکەدایە؟

ڕاوێژکارێکى سەرۆکوەزیرانى عێراق زانیارى نوێ لە بارەى گفتوگۆکانى هەرێم و بەغدا ئاشکرا دەکات

2020.07.03 - 08:39
ڕاوێژکارێکى سەرۆکوەزیرانى عێراق زانیارى نوێ لە بارەى گفتوگۆکانى هەرێم و بەغدا ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

ڕاوێژکارى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، هەنگاوێکى روون لەئارادایە لە قەڵاچۆکردنى گەندەڵى و بەهەماهەنگى لەگەڵ دادگا بەڕێوەدەچێت.

 

هیشام داود، ڕاوێژکارى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوە کرد کە سەرجەمى ئەو ڕێوشوێنانەى کە لەلایەن حکومەتەوە لەم ماوانەى دواییدا ئەنجامدراوە بە فەرمانى دادگا جێبەجێ کراوون تەنانەت ئەو فەرمانى دەستگیرکردنانەى کە لەم کۆتاییانە دژى چەند گروپێک ئەنجامدرا.

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێزگرتن لە دادگا لەم بوارەدا پرەنسیپێکى سەرەکییە.

 

ڕاوێژکارەکەى سەرۆکوەزیرانى عێراق رونیکردەوە، دەزانین سەرچاوەى سەرەکى داهات لەعێراق نەوتە و داهاتى نەوت سەدا 99ى بودجەى عێراق پێکدەهێنێت.

 

وتیشى "کازمى کۆبوونەوەیەکى گرنگى لەگەڵ سەرمایەداران ئەنجامداوە و دەمانەوێت تەنها پشت بە نەوت نەبەستین و سێکتەرەکانى تر کارا بکرێن".

 

داود ئاماژەى بەوە کرد گەندەڵى پرۆسەى ئابورى لەناو دەبات و هەر بۆیە حکومەتى عێراق بەجددى و لە رێگەى دادگاوە دەیەوێت شەڕى گەندەڵى بکات و ئەوەش بە شەو و ڕۆژێک ناکرێت.

 

لەبارەى دانوستاندن و گفتوگۆکانى نێوان هەولێر و بەغدا، ڕاوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوە کرد، گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانى نێوان شاندى هەرێم و بەغدا برایەنە و راستگۆیانە بوون، کازمى رایگەیاند: من ئامادەم بۆ دەستپێشخەرى قورس لەپێناوى لابردنى بەربەستەکان.

 

وتیشى "چەند سەرچاوەیەکى سیادى عێراقى هەیە پەیوەستە بە نەوت و سەرچاوە سروشتییەکان و خاڵە سنورییەکان و هەروەها خەرجى هەرێم و پارێزگاکانى تریش لە ئارادایە".

 

ڕاوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق جەختى کردەوە "هەستدەکەم لەو بارەیەوە تێگەیشتنى باش هەیە و تەنها یەک دوو بابەت ماون کە هێشتا رێککەوتنى تەواوەتى لەسەر نەکراوە، بەڵام لەو بڕوایەداین دەگەین بە خاڵى هاوبەش".