گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گاڵتەپێكردن و دەرخستنى بازوو، ميليشياكان هەوڵى شكستهێنان بە گەڕانەوەى شكۆى دەوڵەت دەدەن

2020.07.02 - 08:33
گاڵتەپێكردن و دەرخستنى بازوو، ميليشياكان هەوڵى شكستهێنان بە گەڕانەوەى شكۆى دەوڵەت دەدەن

ناس کورد- 

هەر لە وتارەكانى سەرەتايدا مستەفا كازمى، سەرۆكوەزيرانى عێراق جەختى لەسەر گەڕانەوەى "هەيبەتى دەوڵەت" دەكردەوە، چونكە ئەو جۆرە وتارانە دەيان هەزار كەس بەلاى خۆيدا ڕادەكێشێت بەتايبەتى ئەوانەى كە ڕژابونە سەر شەقامەكان و داواى دەركردنى ئێرانيان لە وڵات دەكرد.

 

سەلام كەريم، ڕۆژنامەنوسى عێراقى دەڵێت، تێگەيشتنى گەڕانەوەى هەيبەتى دەوڵەت بەردەوام بەكاردەهێنرێت هەر لەسەرەتاى يەكەم حكومەتى عێراقەوە لەساڵى 2003 وە، ئەوەش واتاى ئەوەيە كە چينە سياسيەكە و گەليش كێشە گەورەكەيان دەستنيشان كردوە كە عێڕاق پێوەى دەناڵێنێت، ئەويش دەرچونێكى گەورەيە دواى چەندين دەيە لە كۆنترۆڵێكى ناوەندى خنكێنەر كە سەدام حسێن ديكتاتۆرى پێشوو سەپاندبوى.

 

دواى كەوتنى ڕژێمى پێشوو گروپە چەكداريەكان كۆنترۆڵى دەوڵەتيان لاواز كرد و لە هەموو بۆنەكاندا تەحەداى ياساكانيان كردوە، چ لە كاتى ڕۆچونى عێراق لە توندوتيژى تاييفى بۆ چەندين ساڵ ياخود لەكاتى كۆنترۆڵى ميليشياكاندا و لەكاتى كۆنترۆڵى ڕێكخراوى داعش و دواتريش كە ميليشياكان گەڕانەوە و بە شێوەيەكى گەورە كۆنترۆڵى خۆيان سەپاندەوە.

ئەمەش سەرەڕاى كۆنترۆڵى كێشە ئابورى و ئەمنيەكان، سەلام كەريم باس لەوە دەكات " ميليشياكان بە هۆى نوێنەرە سياسيەكان لەناو بەشێكى گەورەى بڕياريى سياسيدا توانيويانە كۆنترۆڵى خۆيان بسەپێنن، هەروەها لەسەر ئاستى سياسەتەكانى دەرەوە و پەيوەنديە نێودەوڵەتيەكانى عێڕاقيشدا".

 

لەماوەى دوايدا دوبارە حكومەتى عێراق ئاگایى خستوەتەوە سەر وتارى "هەيبەتى دەوڵەت" ئەويش لەڕێگەى ڕاگەياندنى پرۆسەى دەستگيركردنى چەند ئەندامێكى ميليشياى "كەتيبەكانى حزبوڵڵا".

 

بەڵام ئەم جارە لەبرى ئەوەى وەك جارەكانى پێشوو گروپە چەكداريەكان ئەو وتارانە پشتگوێ بخەن خۆيان و باڵە ڕاگەياندنەكەيان بەشێوەيەكى گەورە دەستيان كرد بە ئيستفزازكردن، بەشێوەيەك هەندێك لە ئەكاونت و پەيجە ديارەكانيان دەربڕينى "بێهيوايى دەوڵەت" بەكاردەهێنن، هەروەها هەندێكى تر بەشێوەيەكى گشتى گاڵتە بە دەربڕينەكە دەكەن، بەشێكى تريشيان دەربڕينەكەيان دزيوە و لە بەرژەوەندى ميليشياكان بەكارى دەهێنن.

عەلا سوهەيل، چالاكوانى ناو خۆپيشاندانەكانى عێراق بە ماڵپەرى "الحرة"ى ڕاگەياندوە، ميليشياكان گاڵتە بە قسەكردن لەسەر گەڕانەوەى هەيبەتى دەوڵەت دەكەن، هەر جوڵەيەك بۆ سەپاندنى ياسا لە ڕاستيدا جوڵەيە بۆ لاوازكردنى ميليشياكان، گەڕانەوەى كۆنترۆڵى عێراق بەسەر بڕيارەكانيدا خزمەتى ئەو ميليشيايانە و ئەو دەوڵەتانەش ناكات كە پشتگيريان دەكەن.

 

لەو بڕوایەدایە، كاتێك دەوڵەت لاواز دەبێت ميليشياكان بەهێز دەبن، هەر قسەيەك لەسەر گەڕانەوەى هەيبەتى دەوڵەت هەڕەشەيەكى مەترسيدارە بۆ هەژمونى ميليشياكان، كە بەوە ڕازى نابن كە لە هێزەكانى پۆليس و سوپا لاوازتربن، ياخود لە فەرمانبەرێكى مەدەنى لاوازتربن.

 

ئەو چالاكوانە رونيشيكردوەتەوە، ئۆتۆمبێلى ميليشياكان بەبێ پشكنين لە خاڵەكانى پشكنيندا تێدەپەڕن، ئەندامەكانى ناخرێنە بەنديخانە ئەگەر تاوانێكيان ئەنجامدا، چالاكيە ئابوريە بەسودەكان لە دەستى ئەواندايە، هەروەها چالاكى ئابورى ناياساييش ئەنجام دەدەن وەك فرۆشتنى مادەى هۆشبەر و چەك، ئەوان لە بێهيوايى دەوڵەتدا دەژين بۆيە سروشتيە كە پڕوپاگەندە بۆ ئەو دەربڕينە بكەن.