ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق ڕەتیکردووە هێزەکانیان بەشداریان لە هیچ کردەیەکی سەربازی کردبێت لە پارێزگای دهۆک دەشڵێت، کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان ئەرکی ئەوان نییە ئەوەشی لەڕاگەیاندنەکان باسدەکرێت سەبارەت بەو پرسە دوورن لە ڕاستییەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەباح نوعمان، وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردى وت :"هێزەکانمان لە ئێستادا بەشداریان لە هیچ ئۆپڕاسیۆنێکی سەربازی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نەکردووە".
وتیشی: "دەزگای دژە تیرۆری عێراق هەماهەنگی تەواوی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەوەش لەڕێگەی نوسینگەکانمانەوە لەهەرێمی کوردستان".
دەرەبارەی پرسی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان لەلایەن ئەو هێزانەوە، نوعمان وتی: "ئیمەش وەک ئێوە ئەو دەنگۆیانەمان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بیستووە، تائێستا هیچ بڕیاڕێکمان لەو باریەوە لە حکومەتەوە پێنەگەیشتووە".
وتەبێژەکەی دەزگای دژە تیرۆری عێراق، جەختیشلەوە کردەوە، ئەرکی هێزەکانی ئەوان تەنها قەڵاچۆکردن و بنبڕکردنی تیرۆر و شکستهێنانە بە کردەوە تیرۆرستیەکان، ئەرکی کۆنتڕۆڵکردن و پاراستنی دەروازە سنورییەکان لە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراقە نەک ئەوان.
ماوەی چەند ڕۆژێکە لە توڕە کۆمەڵایەتیەکانی عێراق هەواڵی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە گوایە بە فەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق کۆنتڕۆڵی دەروازە سنورییەکانى عێراق دەکەن بەمەبەستی قەڵاچۆکردنی گەندەڵکاران لەو دەروازە سنورییانە.
هاوکات ئەمڕۆدەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە کە گوایە هێزێکی سەربازی عێراق چوەتە ناوچەکانی سەربە پارێزگای دهۆک نزیک قەزای زاخۆ کە لەئێستادا سوپای تورکیا ماوەى چەند ڕۆژێکە ئۆپڕاسیۆنێکی سەربازی بە بیانووی بوونی بنکە و بارەگاکانى پارتی کرێکارانی کوردستان لەو ناوچانەدا ئەنجام دەدات.