گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’تورکیا هەندێک دەڤەری کۆنتڕۆڵ کردووە بەڵام گەریلاشى تێدایە’’

قەرەیلان: ئامانجى تورکیا دروستکردنى ناوچەى ئارامە لە خواکورکەوە تا عەفرین

2020.07.01 - 14:22
قەرەیلان: ئامانجى تورکیا دروستکردنى ناوچەى ئارامە لە خواکورکەوە تا عەفرین

ناس کورد-

موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، ئامانجى تورکیا دروستکردنى ناوچەى ئارامە لە لە خواکورکەوە تا عەفرین، پاشان داگیرکردنى باشورى کوردستان، دەشڵێت، تورکیا هەندێک دەڤەری کۆنتڕۆڵ کردووە بەڵام گەریلاکانیش لەناویاندان.

 

موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) ئاماژەى بەوەکردووە، "لە هێرشی 15ي حوزەیران بۆسەر شەنگال، مەخمور و هەرێمەکانی پاراستنی میدیا دوژمن هیچ ئەنجامێکی بەدەستنەهێناوە. ئێمە شەهیدمان نەداوە"، ئەوەش بەپێی ئاژانسى فورات نیوزى سەر بە پەکەکە.

 

وتیشى، "سەرەتا لە شەنگال زانیاریمان بەدەستنەهێنا، بەڵام ئێستا زانیاریمان لەبەردەستە. وەک ئەوەی لە ڕاگەیاندنیشدا باسی لێوەکرا، سێ شەڕڤانی یەبەشە برینداربوون، جگە لەوە زیانی ترمان نییە، لە هیچ شوێنێکی تریش زیانمان نەبووە".

 

قەرەیلان جەختیکردووەتەوە، "لە ماوەی 14 ڕۆژی ڕابردوودا لە حەفتانین داستانی قارەمانێتی گەورە تۆمارکراون. دوژمن بگاتە هەر شوێنێک، باجێکی زۆر قورس دەدات".

 

قەرەیلان ئەوەی خستەڕوو کە لە حەفتانین شەڕ بەردەوامە "دوژمن هەندێک دەڤەری کۆنتڕۆڵ کردووە. دەتوانێت بیگرێت، بەڵام گەریلاکانیش لەناویاندان. پێشتریش ڕامانگەیاندبوو، دوژمن کە دەڤەرێک دەگرێت، با بیگرێت، بەڵام باجێکی زۆر قوڕس دەدات. واتە زۆری لیدەکوژرێت".

 

بەوتەى قەرەیلان، ئامانجی تورکیا داگیرکردنی هەموو سنورەکانی میساقی میللیە. بەڵام لە سەرەتادا دەیەوێت هەرێمێکی ئارام دروست بکات. ئامانجەکەی لە هەرێمی ئارام بە تەنها خواکورک تا حەفتانین نییە. لە هەمانکاتدا لە ڕۆژئاواش هەمان پیلانی داڕشتبوو. واتە دەیەوێت لە خواکورکەوە تا عەفرین هەرێمێکی ئارام دروست بکات

 

"ئەگەر هەرێمێکی بەم شێوەیەی ئارام دروست بکات. خۆی زۆربەی خاکی ڕۆژئاوا داگیر دەکات و هەرێمە ستراتیژەیەکانی باشووریش داگیر دەکات. ئاشکراشە کە دواتر هەموو خاکی باشوور داگیر دەکات. واتە ئامانجەکەی ئەوەیە کە لەم چوارچێوەیەدا هێرش دەکات. بۆیەش ریسکی گەورەی لەبەرچاو گرتووە. زۆری لێدەکوژرێت بەڵام باسیان ناکات"، قەرەیلان وایوتووە.

 

تورکیا لە ناوەڕاستى مانگى ڕابردووەوە ئۆپراسیۆنى سەربازى بە پاساوى دژى پەکەکە لەسنورى حەفتانین دەستپێکردووە و هێزێکى زۆرى کۆماندۆى رەوانەى ناوچەکە کردووە. سەربارى ناڕەزایی بەغدا لەو بارەیەوە.

 

خلوسى ئاکار، وەزیرى بەرگریی تورکیا دواى کۆبوونەوەیەک لە ئەنقەرە بۆ هەڵسەنگاندنى پڕۆسەى سەربازیی "چڕنوکى هەڵۆ" لەناوچەى حەفتانینى سەر بە پارێزگاى دهۆک ڕایگەیاند، "ئۆپراسیۆنى سەربازى تورکیا دژى پەکەکە بەردەوام دەبێت، تا کۆنتڕۆڵى بارودۆخەکە دەکەن لەو ناوچەیە و رێگرى لەو هێرشانە دەکەن کە روبەرووى هێزەکانى تورکیا دەبنەوە لەسەر سنورى عێراق".  

  

وتیشى، "41 ئەندامى پەکەکە لە چالاکى خراون لەناو خاکى هەرێمى کوردستان، هەروەها دەستمان بەسەر بڕێکى زۆرى چەکدا گرتووە".

  

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى بەرگریی تورکیا، سێ سەربازى ئەو وڵاتە لەئۆپراسیۆنەکەدا کوژراون، لەکاتێکدا پەکەکە باس لە کوژرانى 36 سەرباز دەکات.

 

هەر بەهۆى ئۆپراسیۆنەکەى تورکیاوە تا ئێستا پێنج هاوڵاتى مەدەنى لە شیلادزێ و کانى ماسى شەهیدبوون.