گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داواى دیکەى هەیە

لیژنەى لامەرکەزى سلێمانى نایەوێت بەرێوەبردنى نەوت و گاز لە چنگى حکومەت دەربهێنێت

2020.07.01 - 10:51
لیژنەى لامەرکەزى سلێمانى نایەوێت بەرێوەبردنى نەوت و گاز لە چنگى حکومەت دەربهێنێت

ناس کورد-

سەرۆکى لیژنەى لامەرکەزى لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ڕایگەیاند، لە پڕۆژەکەیاندا بۆ سیستەمى لامەرکەزى داواى بەڕێوەبردنى ڕاستەوخۆى نەوت و گازى پارێزگاکەیان نەکردووە، بەڵکو داواى پشکى پترۆدۆلار و دۆلار گازیان کردووە.

 

نزیکەى دوو مانگە لیژنەکە سەرقاڵى کارکردنە بۆ ئامادەکردنى پڕۆژەى لامەرکەزى و ئەمڕۆ (چوارشەممە) دوایین کۆبوونەوە لەو بارەیەوە ئەنجام دەدات.

بەرزان محەمەد، سەرۆکى لیژنەى لامەرکەزى لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "پرسی نەوت و غاز پەیوەندى بە حکومەتى هەرێمەوە هەیە، ئێمە داواى پترۆدۆلار و غاز دۆلارمان کردووە کە ڕێژەیەکە لە داهات، پرسی بەڕێوەبردنى نەوت و گاز پەیوەندى بە وەزارەتى سامانە سروشتییەکانەوە هەیە و ئەوان دەیفرۆشن".

 

وتیشى، "دەسەڵاتى کارگێڕى بەتەنها ناتوانێت رۆحیەتى لامەرکەزى بچەسپێنێت، بۆیە داواى دەسەڵاتى دارایشیمان کردووە".

me_ga.php?id=516

لیژنەکە بۆ ئامادەکردنى پڕۆژەکەى لەگەڵ کەسانى پسپۆڕ کۆبووەتەوە، هەروەها سەردانى حەفتا بەرپرسى کارگێڕى کردووە لە پارێزگاکە، بەمەبەستى دیاریکردنى دەسەڵاتە کارگێڕى و داراییەکان.

 

بەرزان محەمەد وتى، "ڕەشنوسى پڕۆژەکە دەدەین بە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بۆ پەسەندکردنى، دواتر دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنى وەزیران، هەورەها رەشنوسەکە دەدەین بەپێکهێنەرانى حکومەت".

 

باسی لەوەشکرد، لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر قسەیانکردووەو کارەکەیان پێ باش بووە و بڕیاربووە پێکەوە کۆبنەوە، بەڵام بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە کۆبوونەوەکە دواخراوە.

 

ئەو پڕۆژەیەى لیژنەکە ئامادەیانکردووە بۆ پێدانى دەسەڵاتى کارگێڕی و داراییە لەلایەن حکومەتەوە بە پارێزگاکان، بەڵام حکومەت تەنها لەگەڵ پێدانى دەسەڵاتى کارگێڕیدایە نەک دارایی.  

 

لەمانگى ئایارى ئەمساڵدا مەسرور بارزانى یەرۆکى حکومەتى هەرێم لە وتارێکى تەلەفزیۆندا جەختیکردەوە، ئەوان لەگەڵ لامەرکەزیەتى کارگێڕیدان و کارى بۆ دەکەن، لە ئاماژەیەکدا بۆ رەتکردنەوەى لامەرکەزیەتى دارایی.  

me_ga.php?id=517

پرسى لامەرکەزى لە هەرێمى کوردستان بەپێی یاسایەک ڕێکخراوە کە ساڵى 2009 لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە پەسەندکراوە، لەسەر بنەماى ئەو یاسایەش ساڵى 2014 هەڵبژاردنى پارێزگاکان بەرێوەچوو.      

  

لە ساڵى 2017ەوە ئەمە دووەم هەوڵى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانییە لەو بارەیەوە، بەڵام هەوڵەکەى پێشوو بێ ئەنجام بوو.