گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تورکیا دوو فڕۆکەى ڕەوانەى عێراق کرد.. یەکەمیان بۆ هاوکاری و دووەمیان بۆ بۆردومان

2020.07.01 - 10:25
تورکیا دوو فڕۆکەى ڕەوانەى عێراق کرد.. یەکەمیان بۆ هاوکاری و دووەمیان بۆ بۆردومان

ناس کورد-

ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان تادێت چڕتر دەبنەوە بۆسەر گەریلاکانی پەکەکە، لەلایەکی ترەوە بانگەشەی پاراستنی سەروەری عێراق دەکات و بە فڕۆکە هاوکاری پزیشکی دەگەیەنێتە عێراق.

 

شەوی ڕابردوو، ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی تورکی پڕ لە هاوکاری پزیشکی گەیشتووەتە بەغدا.

 

حەیدەر مەجید، وتەبێژی ئەمنیدارێتییەکە ڕایگەیاند، "هاوکارییەکان پێکهاتووە لە دەزگای هەناسەدانی دەستکرد و چەندین جۆر کەلوپەلی خۆپارێزی کەسی و تاقیگەیی، وەزارەتی تەندروستی بەپێی پێویستی دابەشی دەکات بەسەر بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکانی تەندروستی."

هاوکات هەر شەوی ڕابردوو، فڕۆکەکانی تورکیا بە چڕی بۆردومانی چەند گوندێکیان لە سنوری شارۆچکەى سیدەکان کرد.

 

پێنجشەممەی ڕابردووش بەهۆی بۆردومانێکی ئاسمانییەوە لە سەیرانگەی کونەماسی لە شارباژێڕی سلێمانی، گەریلایەکی پژاک گیانی لەدەستدا و چەند هاوڵاتییەکی تریش برینداربوون.

 

زیاد لەوەش، وەزیرى بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، هێزەکانیان بەردەوامى دەدەن بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەیان لە خاکى عێراق، بەڵام ڕێز لەسەروەرى خاکى ئەو وڵاتەش دەگرن.

 

خلوسى ئاکار، وەزیرى بەرگریی تورکیا دواى کۆبوونەوەیەک لە ئەنقەرە بۆ هەڵسەنگاندنى پڕۆسەى سەربازیی "چڕنوکى هەڵۆ" لەناوچەى حەفتانینى سەر بە پارێزگاى دهۆک ڕایگەیاند، "ئۆپراسیۆنى سەربازى تورکیا دژى پەکەکە بەردەوام دەبێت، تا کۆنتڕۆڵى بارودۆخەکە دەکەن لەو ناوچەیە و رێگرى لەو هێرشانە دەکەن کە روبەرووى هێزەکانى تورکیا دەبنەوە لەسەر سنورى عێراق".

 

وتیشى، "41 ئەندامى پەکەکە لە چالاکى خراون لەناو خاکى هەرێمى کوردستان، هەروەها دەستمان بەسەر بڕێکى زۆرى چەکدا گرتووە".

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى بەرگریی تورکیا، سێ سەربازى ئەو وڵاتە لەئۆپراسیۆنەکەدا کوژراون، لەکاتێکدا پەکەکە باس لە کوژرانى 36 سەرباز دەکات.

هەر بەهۆى ئۆپراسیۆنەکەى تورکیاوە تا ئێستا پێنج هاوڵاتى مەدەنى لە شیلادزێ و کانى ماسى شەهیدبوون.



تورکیا لە ناوەڕاستى مانگى ڕابردووەوە ئۆپراسیۆنەکەى دەستپێکردووە و هێزێکى زۆرى کۆماندۆى رەوانەى ناوچەکە کردووە. سەربارى ناڕەزایی بەغدا لەو بارەیەوە.

سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق ئۆپراسیۆنەکەى بە پێشێلکردنى خاکى عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبردووە.