گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گەیشتووەتە چەند؟

ئەمریکا زۆرترین ژمارەى ڕۆژانەى توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکرد

2020.07.01 - 08:39
ئەمریکا زۆرترین ژمارەى ڕۆژانەى توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکرد

ناس کورد-

بەپێی داتاکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، دوێنێ سێشەممە، ئەمریکا 47 هەزار توشبووی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای دەستنیشانکردووە کە ئەوەش زۆرترین ژمارەى ڕۆژانەى کۆرۆنایە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەى نەخۆشییەکە لە ئەمریکا. 

 

بەپێی ئامارە نوێیەکان، ویلایەتی کالیفۆڕنیا و ئاریزۆنا بوون بە ناوەندی نوێی نەخۆشییەکە و ئاستێکی پێوانەیی نوێیان تۆمار کردووە.

 
ئەوە لەکاتێکدایە ژمارەی توشبووانی نوێی لە ئەمریکا بە بەردەوامی لە زیادبووندان، لە ماوەى هەفتەى ڕابردوو ئەوە سێیەم جارە ئاستی پێوانەیی لە زیادبوونی حاڵەتەکانی ڕۆژانەی کۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمار دەکرێت.
 
هاوکات ئەنتۆنيۆ فاوچى، گەورە زاناى بوارى نەخۆشيە گواستراوەكان و ڕاویژکاری کۆشکی سپی هۆشدارى دەدات لەوەى كە ژمارەى توشبوانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لەو وڵاتە ڕۆژانە دەگاتە 100 هەزار.  

  

ئەنتۆنيۆ فاوچى لە دانيشتنێكى ميوانداريكردن لە لايەن ئەنجومەنى پيرانى ئەمريكا وتى، لەئێستادا ژمارەى توشبوانى ڕۆژانەى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە ئەمريكا لە دەوروبەری 40 هەزاردايە، توشى سەرسوڕمان نابم ئەگەر ژمارەى تۆماركراوى ڕۆژانە بگاتە 100 هەزار كەس، ئەگەر ڕێوشوێنى پێويست بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبونەوەى پەتاكە نەگيرێتە بەر.  

  

ئاماژەى بەوەشداوە، من زۆر نيگەرانم بەهۆى زيادبونى ژمارەى توشبووان لەسەرتاسەرى وڵاتدا، چونكە بارودۆخەكە لەوانەيە خراپتر ببێت لەوەى ئێستا هەيە، ژمارەكان خۆيان دەدوێن.  

  

فاوچى ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، ئاشكرايە كە ئێمە كۆنترۆڵى تەواومان نييە بەسەر پەتاكەدا و بە ئاراستەيەكى هەڵەدا دەڕۆين، نازانين لە كۆتايى رێگەكەدا چەند كەس تووش دەبن بەڵام بارودۆخەكە زۆر خراپتر دەبێت.  

  

ئەو زانا ئەمريكيە دەشڵێت، گەرەنتى ئەوە دەكەم كە بارودۆخەكە زۆر بێزاركەر دەبێت، چونكە ئەگەر پەتا لە بەشێكى وڵات بڵاوببێتەوە ئەگەر بەشەكانى تريش كارى باش بكەن بۆ ڕێگەگرتن ئەوە هەر مەترسييان لەسەرە.  

  

ولايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا زەرەمەندترين وڵاتى جيهانە لە ڕووى ژمارەى توشبووان و گيانلەدەستدان بەهۆى پەتاى كۆرۆناوە، لە كۆى 10 مليۆن و 531 هەزار توشبوو و نزيكەى 514 هەزار گيان لەدەستدان لە جيهاندا، دوو مليۆن و 727 هەزار توشبوو و زياتر لە 130 هەزار گيانلەدەستدان لەو وڵاتە تۆمار كراون.