گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’هەردوولا موفلیسن’

هەرێم و بەغدا بۆ ڕێکناکەون؟.. پەرلەمانتارێک هۆکارەکان بۆ ناس کورد ئاشکرا دەکات

2020.06.30 - 22:14
هەرێم و بەغدا بۆ ڕێکناکەون؟.. پەرلەمانتارێک هۆکارەکان بۆ ناس کورد ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

ئەگەرچی ماوەی سێ مانگە هەرێم و بەغدا گفتوگۆ لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان دەکەن، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک و پەرلەمانتارێکی کوردیش لە پەرلەمانی بەغدا دەڵێت، چەند هۆکارێک بۆ ڕێکنەکەوتن ئاشکرادەکات و دەشڵێت، بەغدا کات دەکوژێت بۆ دواخستنی ڕێککەوتن.

 

ماوەی سێ مانگە هەرێم و بەغدا سەرقاڵی گفتوگۆکردنن بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن لەبارەی پرسی بودجە و نەوت و لەو ماوەیەشدا کێشەی گەورە بۆ موچەخۆرانی هەرێم دروستبووە و لەپاڵ قەیرانی تەندروستیدا قەیرانی ئابوریش بەرۆکی هاووڵاتیانی هەرێمی گرتووە.

 

لەوبارەیەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "کۆمەڵێک هۆکار هەن بۆ ئەوەی تائێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە، یەکێک لەوانە لاوازی کوردە لە بەغدا کە هیچ کات کورد هیندەی ئێستا لاواز نەبووە لە بەغدا".

 

وتیشی، لاوازی و خراپی دۆخی کورد و توڕەیی خەڵک گەیشتووە بە ئاستێک کە کورد بە ئاشكرا بانگەشە بۆ چوونەسەر بەغدا بکات و داوا بکات ڕاستەوخۆ لە بەغداوە موچە وەربگرێت کە ئەوەش شکستی حوکمڕانی کوردی نیشاندەدات لە 29 ساڵی ڕابردوودا کە نەتوانێت دوو مانگ بەبێ بەغدا موچە دابەشبکات.

 

ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاماژەی بەوەشکرد: "حکومەتی هەرێم لەکاتێکدا ڕازی بووە نەوت بداتە بەغدا کە نەوت هیچ ناکات و بەغدا خۆی نەوتی لێ زیادە، ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی داواکاری بەغدا زیاد بێت و تەنانەت کاتیش بکوژێت بۆ دواخستنی ڕێککەوتن تاوەکو ئەم دۆخە کۆتایی دێت".

 

جەمال کۆچەر ڕوونیشیکردەوە، هیچکات هەرێمی کوردستان و عێراق هەردوولا هێندەی ئێستا بێ پارە نەبوون و لەئێستادا هەردوولا موفلیسن، ئەوەش بووەتەهۆی ئەوەی هەردوولا داواکاریان زۆر بێت بەرامبەر یەکتر.

 

گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا هەردوو حزبی سەرەکی هەرێم، پارتی و یەکێتی پەیوەندییەکانیان بەرەو ئاڵۆزی چووە و هەرچەندە ماوەیەکی زۆرە دەیانەوێت کۆببنەوە، بەڵام ناکۆکییە بەردەوام و جیاوازەکانیان ڕێگەی لە کۆبوونەوەیان گرتووە و جەمال کۆچەریش ئەوە  بەهۆکارێک بۆ کێشەکانی نەگەیشتنە ڕێککەوتن دەزانێت.

 

هاوکات ئەو پەرلەمانتارە کوردە، پێیوایە ناکۆکییەکانی لایەنە عێراقییەکانیش هۆکارێکی نەگەیشتنە ڕێککەوتنن و دەڵێت: "هیچ کاتێکیش هیندەی ئێستا لایەنە عەرەبییەکان  ناکۆک نەبوون و ئەم حکومەتەش چونکە وادەردەکەوێت کە سەربەخۆ بێت بۆیە هیچ لایەنەێک داکۆکی لێناکات و هیچ کەس خاوەنی نییە".

 

ئێستا هەرێمی کوردستان داخوازییەکانی دابەزاندووە و بەگوێرەی زانیارییەکانی ناس کورد، لەکۆتا سەرداندا بۆ بەغدا لە هەفتەی رابردوو، هەرێم ڕازی بووە، هەموو نەوتەکەی لەڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشێت و داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیلیشی بۆ عێراق بێت، هەروەها نیوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکانیش.

 

جەمال کۆچەر دەڵێت، ڕاستە نابێت هەرێم دەستبەرداری هەموو شتێک بێت، بەڵام پێویستە هەندێک لەو خاڵانەی بەغدا داوای دەکات لە بوونی شەفافییەت لە پرسی نەوت و خاڵە سنورییەکاندا جێبەجێی بکات.