گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’بارودۆحەکە زۆر خراپ دەبێت’

’ڕۆژانە 100 هەزار توشبوو’.. گەورە پزیشکی کۆشکی سپی هۆشداری دەدات لە هەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا

2020.06.30 - 21:54
’ڕۆژانە 100 هەزار توشبوو’.. گەورە پزیشکی کۆشکی سپی هۆشداری دەدات لە هەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا

ناس كورد-

ئەنتۆنيۆ فاوچى، گەورە زاناى بوارى نەخۆشيە گواستراوەكان و ڕاویژکاری کۆشکی سپی هۆشدارى دەدات لەوەى كە ژمارەى توشبوانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لەو وڵاتە ڕۆژانە دەگاتە 100 هەزار.

 

ئەنتۆنيۆ فاوچى لە دانيشتنێكى ميوانداريكردن لە لايەن ئەنجومەنى پيرانى ئەمريكا وتى، لەئێستادا ژمارەى توشبوانى ڕۆژانەى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە ئەمريكا لە دەورەبەرى 40 هەزاردايە، توشى سەرسوڕمان نابم ئەگەر ژمارەى تۆماركراوى ڕۆژانە بگاتە 100 هەزار كەس، ئەگەر ڕێوشوێنى پێويست بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبونەوەى پەتاكە نەگيرێتە بەر.

 

ئاماژەى بەوەشداوە، من زۆر نيگەرانم بەهۆى زيادبونى ژمارەى توشبووان لەسەرتاسەرى وڵاتدا، چونكە بارودۆخەكە لەوانەيە خراپتر ببێت لەوەى ئێستا هەيە، ژمارەكان خۆيان دەدوێن.

 

فاوچى ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، ئاشكرايە كە ئێمە كۆنترۆڵى تەواومان نييە بەسەر پەتاكەدا و بە ئاراستەيەكى هەڵەدا دەڕۆين، نازانين لە كۆتايى رێگەكەدا چەند كەس تووش دەبن بەڵام بارودۆخەكە زۆر خراپتر دەبێت.

 

ئەو زانا ئەمريكيە دەشڵێت، گەرەنتى ئەوە دەكەم كە بارودۆخەكە زۆر بێزاركەر دەبێت، چونكە ئەگەر پەتا لە بەشێكى وڵات بڵاوببێتەوە ئەگەر بەشەكانى تريش كارى باش بكەن بۆ ڕێگەگرتن ئەوە هەر مەترسييان لەسەرە.

 

ولايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا زەرەمەندترين وڵاتى جيهانە لە ڕووى ژمارەى توشبووان و گيانلەدەستدان بەهۆى پەتاى كۆرۆناوە، لە كۆى 10 مليۆن و 500 هەزار توشبوو و نزيكەى 511 هەزار گيان لەدەستدان لە جيهاندا، دوو مليۆن و 700 هەوار توشبوو و زياتر لە 129 هەزار گيان لەدەستدان لەو وڵاتە تۆمار كراون.