گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زۆرینەیان پیاون

لە یەک مانگدا 17 ڕووداوی کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێم تۆمارکراون (تایبەت)

2020.06.30 - 21:33
لە یەک مانگدا 17 ڕووداوی کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێم تۆمارکراون (تایبەت)

ناس کورد-

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوریش، ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن ڕوویان لە زیادبوون کردووە، بەشێوەیەک لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە 17 کەس کوژراون یاخود خۆیان کوشتووە کە زۆرینەیان پیاو بوون.

 

لەگەڵ دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران و کەمبوونەوەی کاری ڕۆژانە و دروستبوونی قەیرانی ئابوری بۆ هاووڵاتیان لەپاڵ دڵەڕاوکێی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، بەدەگمەن ڕۆژێک هەیە هەواڵی کوژران یاخود خۆکوشتنی کەسێکت بەرگوێ نەکەوێت و نەبینی.

 

لە دوێنێوە تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ی حوزەیرانی 2020، تەنها لەسنوری پارێزگای سلێمانی دوو کەس کوژراون و دوو کەسی دیکەش خۆیان کوشتووە کە یەکێکیان شەوی ڕابردوو لە باخی گشتیی سلێمانی ئاگری لە خۆی بەردا و دووەمیشیان پێشمەرگەیەکی یەکەی 70یە کە ئەمڕۆ لەکاتی دەوامی فەرمیدا بە فیشەکێک کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

 

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی ناس کورد و ئەو ئامارانەی کە کۆیکردووەتەوە، لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، لە هەرێمی کوردستان لانیکەم 10 کەس کوژراون و 10 کەسی دیکەش برینداربوو، هەروەها حەوت کەسی دیکەش کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

 

ئامارەکان دەریدەخەن، سەرجەم خۆکوشتنەکان لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەردوو ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیانن، هەروەک سێ کوشتن و شەش برینداریش هەر لەو سنورەدان.

 

هەربەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ناس کورد، لەو 10 کەسەی کە کوژراون نۆ کەسیان پیاو بوون و یەکێکیان ئافرەت بووە، هەروەها لەو حەوت کەسەی خۆیان کوشتووە، بەهەمانشێوە یەکێکیان ئافرەت بووە و شەش کەسەکەی دیکە پیاوبوون، واتە بەگشتیی لەکۆی ئەو 17 قوربانییە 15 کەسیان پیاو بوون و دوو کەسیان ئافرەت بوون.