گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سیاسییەکانی عێراق کێبرکێی پۆستێکی باڵا دەکەن

کازمی لە یەک کاتدا شەڕی گۆڕانکاری پۆستەکان و لێدانی میلشیاکان دەکات

2020.06.30 - 21:14
کازمی لە یەک کاتدا شەڕی گۆڕانکاری پۆستەکان و لێدانی میلشیاکان دەکات

ناس کورد- 

لە ڕاپۆرتێکیدا، کەناڵی "الحرة"ی ئەمریکی کە زۆرترین گرنگی بە کاروباری عێراقی دەدات باس لە هەڵمەتی گۆڕینی پۆستە باڵاکانی حکومەتى عێراق دەکات لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە. 

 

ڕاپۆرتەکە لە زاری "سەرچاوەیەکی نزیک لە مستەفا کازمییەوە" دەڵێت، کازمی بەردەوام دەبێت لە هەڵمەتی گۆڕانکاری لە دەیان پۆستی حکومەتدا بەمەبەستی دروخستنەوەی گەندەڵکاران،  "میلیشیاکانیش لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان ڕێگری لە هەوڵەکانی کازمی دەکەن.



لە ماوەی ڕابردوودا چەندین دەنگۆ و زانیاری بڵاوکرانەوە کە گوایە کازمی بڕیاری داوە سەدان پلە و پۆست لە حکومەتدا بگۆڕێت و کەسانی شیاوە لەو شوێنەنانەدا دابنێت، ئەوەش وەک بەشێک لەو چاکسازییانەی کە پێشتر بەڵێنی دابوو جێبەجێی بکات لە سەرەتای ڕاسپاردنی بە پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت.

 

هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی کازمی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان میلیشیاکانی نزیک لە ئێران "جەنگێکی ڕاگەیاندن"یان لە دژی کازمی و کارەکانی دەستپێکردووە.

 

بڵاوبوونەوەى وێنەی خستنە ژێرپێی وێنەیەکی مستەفا کازمی، فەرماندەى هێزە چەکدارەکانی عێراق لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبیەوە کە سەر بە سیستمی بەرگریی عێراقییەوە و لە ژێر فەرمانی کازمیدایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراقی تەنی. 

 

بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق بە "الحرة"ی وتووە: "میلیشیاکان بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان ڕێگری لە چاکسازی و مانەوەی گەندەڵکاران دەکەن".

 

ئاماژە ی بەوەشکردووە: "لە ئێستادا لایەنە سیاسیەکان لە کێبڕکێی و ململانێیەکی زۆردان بۆ بەدەستهێنانی پۆستێکی گرنگ لە حکومەتی عێراقیدا ئەوەش پۆستی (ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران)ە، بۆیە فشارێکی زۆر دەخەنە سەر کازمی بەمەبەستی بەدەستهێنانی ئەو پۆستە".

 

کازمی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین گۆڕانکاری لە پۆستەکانی ناو حکومەتدا کرد کە دەستەی خانەنشینی گشتی و هەردوو دەستەی وەقفی سونی و شیعی و چەندین پلە و پۆستی مەدەنی و سەربازی دیکەی گرتەخۆی.

 

لەو بارەیەوە سەلام مەسعودی، ڕۆژنامەنووسی عێراقی دەڵێت: "کازمی ئامرازەکانی گۆڕانکاری جەنگی چاکسازی هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کازمی بوێری تێیدایە ئەو کارە بکات". 

 

بەپێچەوانەی ڕای هەندێ کەسی ترکە کازمی تۆمەتباردەکەن بەلاوازی بەرانبەر بە میلیشیاکان، مەسعودی پێیوایە، "ڕووبەڕووبوونەوەکە جاری لەسەرەتادایە، لە ئێستادا ناوەڕۆکی میلیشیاکان بۆ کازمی ئاشکرابووە کە چین، کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئەو میلیشیانەدا لە ئێستادا بەشێکە لە پلانێکی تەکتیکی سەرۆکوەزیران".

 

ئەوە لەکاتێکدایە شەوی 25ی ئەم مانگە، هێزێکی دژە تیرۆری عێراق هەڵیکوتایە سەر بارەگاکانی کەتائیبی حزبوڵا بۆ دەستگیرکردنی ئەو فەرماندە و چەکدارانەی کە دەستیان لە هەڵدانی موشەک بۆ باڵیۆزخانەکانی جیهان بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی هەبووە لە بەغدا.

 

دوای ئەو هەڵمەتە، ئەبوعەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنیی میلیشیاکانی کەتائبیی حزبوڵا لە تویتێکدا هێرشی کردە سەر کازمی و سوکایەتی پێکرد، لە تویتەکەدا هاتووە، "ئەو کارەی کازمی کردویەتی کارێکی مناڵە بووە، بەڵێنیشداوە جارێکی تر دووبارەی نەکاتەوە، ئەنداماکانی کەتائبیش ئازادکران و لایەنی ناوخۆیی و دەرکی ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لەو کارە".

 

بڵاوبوونەوەى تویتەکەی عەسکەری کاردانەوەی بەشێکی زۆری لە عێراقییەکان بەدوای خۆیدا هێنا و بە شکاندنی سنور و شکۆی دەوڵەتی عێراقییان وەسفکرد.

 

دوای ئازادکردنی فەرماندە و چەکدارە دەستگیرکراوەکانیان لەلایەنی حکومەتی عێراقەوە، ئەمینداری گشتی هێزەکانی کەتائیبی حزبوڵا ڕەتیکردەوە چەکەکانیان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکەن.