گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عەمار حەکیم هاوپەیمانیەتییەکی ’سیاسیی گەورەى بۆ پشتگیری دەوڵەت’ ڕاگەیاند

2020.06.30 - 18:48
عەمار حەکیم هاوپەیمانیەتییەکی ’سیاسیی گەورەى بۆ پشتگیری دەوڵەت’ ڕاگەیاند

ناس کورد-

عەمار حەکیم، سەرۆکى ڕەوتی حیکمە هاوپەیمانیەتییەکی لە پەرلەمانى عێراق بەناوی "عراقيون - عێراقییەکان" ڕاگەیاند كە هاوپەيمانێتيەكى پەرلەمانیی سياسى جەماوەرييە و ژمارەيەكى زۆر پەرلەمانتار لەخۆى دەگرێت.

 

سەبارەت بە ئامانجی پێكهێنانى هاوپەيمانێتيەكە، عەمار حەكيم لە وتەيەكدا وتى، "عراقيون" هاوپەيمانێتيەكى سياسى پەرلەمانى جەماوەرييە و لە دەوڵەتەوەيە و بەرەو فەزاى دەوڵەت هەنگاو دەنێت و هەوڵەكانيشى بۆ دەوڵەتە.

 

ئاماژەى بەوەشدا، ئەم هاوپەيمانێتيە نوێيە پشتگيرى دەوڵەتێكى بەتواناى بەهێز دەكات كە خاوەنى سەروەرى نيشتمانى بێت هەروەها پشتگيرى ئيرادەى جەماوەرى دەكات دوور لە پشکپشکێنەى حزبی و گرێبەستە گوماناویيەكان و لێكتێگەيشتنە كاتييە بێ سودەكان.

 

جەختیشیکردەوە کە "عراقيون" كاردەكات بۆ بەتواناكردنى بەرنامەى ڕێكڕەوى بۆ سەقامگيركردنى دۆخی سياسى و دورخستنەوەى عێراق لە كێشە هەرێميەكان و ناكۆكيە نێودەوڵەتيەكان، پشتگيرى ڕێچكەى چاكسازى جدى و جێبەجێكردنى داواكارى راستى خۆپيشاندەران دەكات.

 

عەمار حەكيم ڕونیشیكردەوە کە هاوپەيمانێتيە نوێكە جەخت لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردنێكى پێشوەختەى پاك و دادپەروەرانە دەكات بەجۆرێك مافى هەموانی تێدا مسۆگەر بكرێت بەبێ جياكارى و بەلاڕێدابردن و ئامادەكارى بۆ پێداويستيەكانى بكرێت.

 

ئەوەشى ئاشكرا كردوە، هاوپەیمانیەتییەکە نزیکەى  40 پەرلەمانتار لە خۆدەگرێت بەڵام پشت بە زمانى ژمارەكان نابەستێت بەڵكو كاردەكات بۆ پێشكەشكردنى نمونەيەكى نوێ لە ئيدارەدانى سياسى پێگەيشتوو و بەرپرسانە.