گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەنێوان سلێمانی و هەولێر؟

وەزارەتی پلاندانانی هەرێم ’’لەبارەى وەرگرتنی پارە بۆ بەکارهێنانی ڕێگاوبان’’ ڕوونکردنەوە دەدات

2020.06.30 - 17:25
وەزارەتی پلاندانانی هەرێم ’’لەبارەى وەرگرتنی پارە بۆ بەکارهێنانی ڕێگاوبان’’ ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێم ڕایگەیاند، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا باسی ستراتیجیەتێکی "حکومەتمان کرد کە تایبەت بوو بە پەرەپێدانی کەرتی تایبەت، بەداخەوە لێدوانێکی من شێوێندراوە و وا لێکدراوەتەوە کە گوایە حکومەت بە نیازە پارە لە هاوڵاتیان وەربگرێت بەرانبەر بەکارهێنانی ڕێگاوبانەكاندا."

 

زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێم لە ڕونکردەوەکەدا دەڵێت، "لە ڕاستیدا ستراتیجیەتی حکومەت بەو شێوەیە نییە و لە بنەڕەتدا ئەم کابینەیەی حکومەت ئامانجێتی کە خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەشی هاوڵاتیان بکات و خەرجییە زیادەكان كەم بكاتەوە بۆ بوارێكی دیكەی بەكاربهێنێت كە هاوڵاتیان پێویستیانە، هەر بۆ ئەم ئامانجەشە کە وەزارەتی پلاندانان ڕاسپێردراوە ستراتیجیەتی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت ئامادە بکات، بۆ ئەوەی كاركردنی كەرتی تایبەت لەبنەڕەتدا لە خزمەتی هاوڵاتیاندا بێت و دواتریش بۆ بوژانەوەی كەرتی تایبەت و كەمكردنەوەی خەرجیەكانی حكومەت هەنگاو بنێین، ئەمەشیان راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەخزمەتی هاوڵاتیاندایە."

 

دەشڵێت، "مەبەستمان ئەوەبووە كە سەرەڕای ئەو ڕێگاوبانانەی لە لایەن حکومەتەوە دروستکراوە، هەندێک ڕێگای مۆدێرن بە ستانداردی نێودەوڵەتی هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە دروست بکرێت بێ ئەوەی خەرجی حكومەت بۆ ئەم بوارە بڕوات، ئەو کات هاووڵاتیان سەرپشك دەبن لە نێوان بەکارهێنانی ڕێگا مۆدێرنەکە یان ئەو ڕێگایانەی کە لەلایەن حکومەتەوە دروست کراون و ئێستا هەن، بەڵام ڕێگا مۆدێرنەکە کاتێک کە بەکار دەهێنرێت لەلایەن هاوڵاتیانەوە، هاوڵاتی پێویستە پارەیەكی رەمزی بۆ بەکارهێنانی بدات، كە لەرێگەی رێكەوتن لەگەڵ حكومەت و بەڕەچاوكردنی باروگوزەرانی خەڵك و داهاتی تاكەكەسی هەرێم دیاری دەكرێت."

 

زاگرس فەتاح باس لە نمونەیەک دەکات و دەڵێت، بۆ نمونە لە نێوانی هەولێر و سلێمانی کە ڕێگایەکی ئۆتۆبان و مۆدێرن هەبێت هاووڵاتی دەتوانێت بە کلفەیەکی ڕەمزیی کەم ئەم رێگایە بە كار بهێنێت، كە زۆرجار بەهۆی كەمبوونەوەی ماوەی گەیشتن بەشوێنەكە خەرجی بەنزینیشی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە هەڵبژاردەی بەکارهێنانی ڕێگای بەلاش وەک ئەوەی ئێستا هەیە هەر بەردەست دەبێت."

 

"هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا مەبەستی حکوومەتە کە ئەو پارەیەی ئێستا لە بەرامبەر ڕێگاوباندا لە هاووڵاتیان وەریدەگیرێت بە میکانیزمی باشترەوە بخرێتەوە خزمەتی ڕێگاوبان و هاووڵاتیان. "

 

دەشڵێت، ئەم میکانیزمە لەلایەن وڵاتانی پێشکەوتووەوە بەکاردەهێنرێت و وڵات بەمە دەتوانێت ببێتە خاوەنی ڕێگای مۆدێرن و پرۆژەی خزمەتگوزاریی پیشکەوتوو و ژێرخانی وڵات پێشدەکەوێت.