ناس کورد-
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی شاندی دانوستانکار لەگەڵ بەغدا، لەڕێگەی زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ باڵیۆزان و نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا ئەو لایەنانە لە پرسی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاگاداردەکاتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە، 30ی حوزەیرانی 2020، سەمیر هەورامی، وتەبێژی فەرمی جێگری سەرۆكی حکومەتی هەرێم لە ڕونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند: "لەدوای گەڕانەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم لە بەغدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حکومەت، زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی دیپلۆماسی لەگەڵ باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی بەتایبەت یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا دەست پێكردوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە: " دیدارەکان بە مەبەستی روونكردنەوەی دۆخی دانووستانەکان و هەڵوێستی هەرێم لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەتایبەت پرسی شایستە داراییەكانی ھەرێم و بەردەوامی گفتوگۆکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی-ن".
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا شاندی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، چەند جارێک سەردانی بەغدای کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، کە کۆتا سەردانیان هەفتەی رابردوو بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە.