گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەناو بازاڕی کەلار دوو کەس دوکاندارێکیان کوشت

2020.06.30 - 16:20
لەناو بازاڕی کەلار دوو کەس دوکاندارێکیان کوشت

ناس کورد-

لەناو بازاڕی شاری کەلار دوو کەس تەقەیان لە دوکاندارێکی گەنج کرد و بەهۆیەوە کوژرا، پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت، تائێستا تۆمەتباران دەستگیرنەکراون و گەڕان بەشوێنیاندا دەستیپێکردووە.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند: " نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لەناو بازاڕی  قەزای کەلار لەلایەن دووکەسەوە تەقە لە دوکاندارێکی تەمەن 29 ساڵ کرا و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا".

 

ئاماژە بەوەشکراوە: "لەئێستادا تەرمی ناوبراو ڕەوانەی پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کراوە و پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردوە و گەڕان بەدوای تۆمەتباراندا دەستی پێکردوە".

 

 

دوێنێش پۆلیسى ڕاپەڕین کوژرانى کەسێک و برینداربوونى دوو کەسى دیکەى ڕاگەیاند، لەروداوێکى تەقەکردندا کە لە رانیە روویدا.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوێکى پۆلیس کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە، کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی دوێنێ تەرمی هاوڵاتی (س،ع،آ) تەمەن ٣٠ ساڵ لە ڕەگەزی نێر دانیشتوی ڕانیە گەیەنراوەتە پزیشکی دادوەری ڕانیە کە شوێنەواری فیشەک بەجەستەیەوە هەیە.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، هاوکات دوو برینداری تر لەگەڵ تەرمی ناوبراو گەیەندرانە نەخۆشخانە، بەناوەکانی (ع، ع، آ) تەمەن ٣٨ ساڵ دانیشتوی ڕانیە کەدەکاتە برای کوژراوەکە، برینداری دووەم بەناوی (م، آم) تەمەن ١٧ دانیشتوی ڕانیە کە هەردوکیان لە ڕەگەزی نێرن وە لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشکیان بۆ کراوە و برینەکەیان جێگیرە.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەى پۆلیس، کوشتن و بریندار کردنی ناوبراوان لە ڕوداوێکی تەقەکردن لەناو دوکانێکی مۆبیلیاتدا بووە. بە وتەی بریندار (ع، ع، ) لەلایەن کەسێکەوە لەسەر کێشەیەکی نێوان خۆیان لە ناو دوکانەکەیدا تەقەیان لێکراوە و بووەتە هۆی کوشتن و برینداربوونی ناوبراون.

 

پۆلیس دەڵێت، دوای ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی تەرمەکە ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە. مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە کرایەوە لەگەل فەرمانی دەستگیر کردن بۆ کەسەکەی تەقەی کردووە بەپێی مادەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عیراقی. لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە.