گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

خراپترین رۆژەکانى بەسەر دەبات

ئایا ئەستێرەى میسى روو لە ئاوابوونە؟

2020.06.30 - 15:42
ئایا ئەستێرەى میسى روو لە ئاوابوونە؟

ناس کورد-

توڕەییەکەى شەممەى ڕابردووى لیۆنێل میسى ئەستێرەى ئەرجەنیتى تەنها بەهۆى یەکسانبوونى بەرشەلۆنە لەگەڵ سیلتافیگۆ و بەدەستنەهێنانى خاڵى زیاترەوە نەبووە کە یانەکەى دورخستەوە لەنازناوى لالیگا، بەڵکو پەیوەندى بەوەوە هەبووە کە خراپترین رۆژانى لەجیهانى تۆپی پێدا بەسەردەبات.

 

رۆژنامەى مارکاى ئیسپانى بڵاویکردەوە، میسى کە نزیکبووەتەوە لەتۆمارکردنى 800 گۆڵ، بۆ سێیەم یارى لەسەریەک نەیتوانى هیچ گۆڵێک تۆماربکات، بەوەش ژمارەى ئەو یارییانەى کە تێیاندا نەیتوانیوە هیچ گۆڵێکیان تێدا تۆماربکات لەژێر دەستى راهێنەر کیکى سیتین بۆ 10 یارى بەرزبووەوە لەکۆى 16 یارى، لەو کاتەوە کە ئەو راهێنەرە ئیسپانییە ئەرکەکەى وەرگرتووە.

 

رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، میسى گەیشتووەتە خراپترین ژمارەى پێوانەیی لەرووى تۆمارکردنى گۆڵەوە بەدرێژایی دەیەى ڕابردوو، بەو پێیەى کۆى ژمارەى گۆڵەکانى بەدرێژایی دە ساڵى ڕابردوو لە 40 گۆڵ دانەبەزیوە، تەنها لە وەرزى یەکەمى سەردەمى راهێنەرى گواردیۆلادا نەبێت کاتێک 38 گۆڵى تۆمارکرد.

 

باسى لەوەشکردووە، تەنانەت لە خراپترین وەرزیدا لە ساڵانى 2013-2014 لەژێر دەستى راهێنەر تاتا مارتینو، میسى 41 گۆڵى تۆمارکردووە.

 

میسى (33 ساڵ) بەدیارترین ئەستێرەى تۆپی پێ دادەنرێت لەجیهاندا، خاوەنى ژمارەى پێوانەییە لە بەدەستهێنانى تۆپى ئاڵتونى و شەش جار بووە باشترین یاریزانى جیهان، کە دواترینیان ساڵى ڕابردوو بوو.

 

ئەو ئەنجامە خراپانەى میسى هاوکاتە لەگەڵ ئەنجامە خراپەکانى یانەى بەرشەلۆنە و لەدەستدانى پێشەنگى خولى ئیسپانى، کە هۆکارەکەى بۆ خراپى پەیوەندى نێوان راهێنەر و ئەستێرەکانى یانەکە دەگەڕێنرێتەوە.

 

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانى ئیسپانیا، راهێنەرى یانەکە، ئەستێرەکانى یانەکە هەراسان دەکات تەنانەت لەکاتى ئاڵوگۆڕکردنى یاریزانەکاندا و ئەستێرەکان ناڕازین لەو بەرنامەیەى راهێنەر دایناوە بۆ مەشقکردن.

 

ئاماژە بەوەشدەکەن، ژورى خۆگۆڕینى یاریزانان مشتومڕى توندى بەخۆوە بینیوە لەنێوان یاریزانەکاندا دواى کۆتایی هاتنى یاری نێوان بەرشەلۆنە و سیلتافیگۆ.

 

بەپێی رۆژنامەى "ئاس" ى ئیسپانى، ئیدارەى یانە کەتەلۆنییەکە ناڕازییە لە ڕاهێنەر، شکستهێنانیشى لەبەدەستهێنانى هیچ نازناوێک بەواتاى رۆیشتنیەتى لەکۆتایی ئەم وەرزەدا.