ناس کورد-
لەساڵڕۆژى هەڵگیرسانی شۆرشی ساڵی 1920 لە عێراقدا، سەرۆککۆماری عێراق ڕایگەیاند، شۆڕشەکە سەرچاوەی سروش و یەکگرتووی عێراقییەکان بووە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەڵێت، یەکەم شۆڕشی ئازادیخوازی عێراقییەکان بوو لە پێناوى خودى فەرمانڕەوایی، بۆیە دەبێت کاربکرێت بۆ چەسپاندنی پرنسیپەکانی هاووڵاتیبون و پرەنسیپە دەستورییەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سەدەیەک بەسەر یادی شۆڕشی ساڵی 1920 لە عێراقدا تێپەڕدەبێت، کە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا گەلانى عێراق لە باکور و باشوردا دژ بەدەسەڵاتی داگیرکەرانی ئینگلیز راپەڕین و ئینگلیزەکان ناچاربوون پاش چەند مانگێک لە شۆڕشەکە دان بەدروستکردنی دەوڵەتی عێراقدا بنێن و فەیسەڵى یەکەم بکەن بە یەکەم پادشای ئەو دەوڵەتە.
بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی 1920 ئەمڕۆ(سێشەممە 30ی حوزەیرانی2020)، نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق جەختدەکاتەوە شۆرشی 1920 تائێستا سەرچاوەی سروشە بۆ گەلی عێراق، دەیان وانەی تێدا بەرجستەکراوە کە لە ئێستادا وەک پاڵنەرێک بۆ عێراقییەکان بۆ ئەوەی زیاتر پرنسیپە نیشتمانییەکانیان بچەسپێنن".
ئاماژە بەوەش کراوە، "بەشانازییەوە یادی ئەو شۆڕشە دەکەینەوە کە تێیدا دەستە بژێری زانستی، ڕۆشنبیری، ئاینی و کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتە تێیدا ڕۆڵی بەرچاویان بینیوە کە تائێستا دروشمەکانی لە ناخ و بیرو هۆش ومێژووی عێراقییەکاندا ماوەتەوە".
سەرۆککۆمار لە ڕاگەیاندراوەکەدا، بە پێویستیزانیووە ،"عێراقییەکان بەردەوامبن لە کۆششدان لە پێناو بنیادنانەوەی وڵاتێکی بەهێز و خاوەن سەروەریەکی تەواو کە توانای ئەوەی هەبێت بەرەنگاری گەندەڵی بکات و یاسا سەروەربێت و ژیانێکی شکۆمەند بۆ هاووڵاتییەکانی فەراهەم بکات، دەوڵەت خزمەتکاری گەلەکەی بێت و بتوانێت ژیانێکی سەقامگیر لەگەڵ دراوسێکانیدا بێنێتە دی".
هاوکات، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بۆنەی یادەکەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ڕایگەیاند " پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەکەم بەبۆنەی تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی عێراق لە ساڵی 1920دا کە تائێستا یادی ئەو شۆرشە جێگای خۆی لەناو ناخی گەلی عێراقدا داگیرکردووە، کە یەکەم شۆڕشى ڕزگاریخوازی ئەو گەلە بووە لە مێژووی نوێیدا".
کازمی ئاماژەی بەوەکردووە "عێراقییەکان ئەو شۆڕشەیان بەرپاکرد لەپێناو ئەوەی خۆیان فەرمانڕەوایی خۆیان بکەن، بۆیە لە ئێستادا کاردەکەین بۆ چەسپاندنی پرنسیپەکانی هاووڵاتیبون، فەراهەمکردنی مافە دەستورییەکان ومافەکانی مرۆڤ، هەموو دەستێوردانێکش بۆ سەر سەروەری نیشتیمانەکەمان ڕەتدەکەینەوە".
کازمی، ئەوەشی خستوەتەڕوو "شۆڕشی 20 شۆڕشی هەموو عێراقییەکان بووە، کە لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەشی هەموو گەلی عێراق بەرپابووە.".
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوەکەدا ڕۆڵی پیاوە ئاینییەکان و هۆزەکانی عێراقی لە بەرپابوونی شۆڕشەکەدا بەرز نرخاندووە لە بەرەنگاربوونى داگیرکەر.
ئەوەشی خستوەتە ڕوو "کە لە ئێستادا هۆزەکانی عێراق ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە پاڵپشتیی یاسا وئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لە عێراق و لە پاڵپشتیکردنی حکومەت لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ڕێگای دابینکردنی کەلوپەلە پزیشکییەکان".
مستەفاکازمی، ئاماژەی بەوەشکردووە،" شۆرشەکەی ساڵی 1920 پاڵنەرێکە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی خزمەتکردنێکی زیاتر پێشکەش بە گەلەکەمان بکەین ئەوەش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ئەو پلانە ستراتیژیانەی کە دەبنە هۆکاری فەراهەمکردنی ژیانێکی ئاسودە و شکۆمەند بۆ چینە جیاوازەکانی گەلی عێراق".