گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەناو بەرازدا دۆزراوەتەوە و بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە

نەوەیەکى نوێی ئەنفلۆنزا لە چین دۆزرایەوە کە ئەگەرى گۆڕانى هەیە بۆ پەتا

2020.06.30 - 15:06
نەوەیەکى نوێی ئەنفلۆنزا لە چین دۆزرایەوە کە ئەگەرى گۆڕانى هەیە بۆ پەتا

ناس کورد-

زانایانى چین نەوەیەکى نوێی ئەنفلۆنزایان دیاریکرد، کە تواناى هەیە بگۆڕێت بۆ پەتا و دەڵێن، بەم دواییە لەناو بەرازدا دەرکەوتووە، بەڵام تواناى گواستنەوەى بۆ مرۆڤ هەیە.

 

توێژەران نیگەرانى خۆیان نیشانداوە لە گۆڕانى ڤایرۆسەکە و گواستنەوەى لەکەسێکەوە بۆ کەسێکى دیکە و بەجیهاندا بڵاوبێتەوە.

 

هەرچەندە هێشتا ئەو جۆرە ئەنفلۆنزایە نەبووەتە کێشەیەکى ڕاستەوخۆ، بەڵام زانایان دەڵێن سەرجەم تایبەتمەندییە دیارەکانى تێدایە کە وایلێدەکات تواناى گۆڕانى هەبێت بەڕێژەیەکى گەورە بۆ توشکردنى مرۆڤ و پێویستى بە چاودێرى چڕ هەیە، بەتایبەتى ئەو کەسانەى کە خاوەنى بەرگرییەکى لاوازن.

 

هەڕەشەى پەتا

 

لەکاتێکدا جیهان لەهەوڵدایە بۆ دانانى سنورێک بۆ پەتاى کۆرۆناى نوێ، بەڵام ئەگەرى دەرکەوتنى هەر نەوەیەکى مەترسیدارى ئەنفلۆنزا لەسەرەوەى لیستى ئەو نەخۆشیانەیە کە زانایان بە چڕى چاودێرى دەکەن.

 

دوایین پەتاى ئەنفلۆنزا کە روبەڕووى جیهان بووەوە لەساڵى 2009 دا بوو، کاتێک ئەنفلۆنزاى بەراز لە مەکسیک بڵاوبووەوە. بەڵام کەمتر کوشندە بووە بەراورد بەو پێشبینیانەى لەسەرەتادا بۆی دەکرا. 

 

وەچەى ئەو ڤایرۆسەى زانایان دیاریانکردووە لە چین هاوشێوەى ئەنفلۆنزاى بەرازە، بەڵام هەندێک تایبەتمەندى جیاوازى هەیە.

 

تائێستا ڤایرۆسە نوێیەکە نەبووەتە هەڕەشەیەکى گەورە، بەڵام پرۆفیسۆر کین-چو چانغ و هاوڕێکانى کە لێکۆڵینەوەى لەسەر دەکەن دەڵێن بەچڕى چاودێرى دەکەن.

 

ڤایرۆسەکە کە زانایان ناویانناوە "A/H1N1pdm09" دەتوانێت گەشەبکات و بمێنێتەوە لە خانەکانى بۆرى هەناسەدان لەلاى مرۆڤ.

 

تا ئێستا هیچ ڤاکسینێک نییە بۆ ئەو ئەنفلۆنزایە کە یەکەمجار لەناو بەرازدا دۆزراوەتەوە.

 

پرۆفیسۆر كين-شو چانغ کە لە زانکۆى نۆتینگام لە بەریتانیا کاردەکات دەڵێت "ئێمە ئێستا سەرقاڵین بە ڤایرۆسى کۆرۆنا، بەڵام نابێت بێئاگا بین لەڤایرۆسە نوێیە مەترسیدارەکان".

 

زانایان لە رۆژنامەیەکدا کە لەلایەن پەیمانگاى نشتیمانى بۆ زانست بڵاوکراوەتەوە، داواى گرتنەبەرى رێوشوێنى بەپەلە دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە لەناو بەراز و ئەوانەى لەو کێڵگانە کاردەکەن.