گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەسرور بارزانى: سازش لەسەر مافە ڕەواکانى هەرێم لەچوارچێوەى دەستوى عێراق ناکەین

2020.06.30 - 14:54
مەسرور بارزانى: سازش لەسەر مافە ڕەواکانى هەرێم لەچوارچێوەى دەستوى عێراق ناکەین

ناس کورد-

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "ھەرێمی کوردستان داکۆکی و پێداگیریی لە مافە ڕەواکانی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دەکات و هەرگیز سازشیان لە سەر ناکات".

 

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانوستاندکار لە گەڵ حکومەتی فیدرالی کۆبۆوە.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، مەسرور بارزانى، رایگەیاندووە "هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت".

 

دەقى راگەیەندراوەکە:

 

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/6/30 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە گەڵ شاندی دانوستانکار لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی کۆبووەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، تیشکی خستە سەر سەردانی هەفتەی ڕابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ئەنجامی گفتوگۆکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و پێشنیارەکان بۆ  چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان .

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت. گوتیشی ھەرێمی کوردستان داکۆکی و پێداگیریی لە مافە ڕەواکانی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دەکات و هەرگیز سازشیان لە سەر ناکات.