گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

توشبوون و مردن زیادبووە و چاکبوونەوە کەمیکردووە

ناس کورد ئامارە مەترسیدارەکانى کۆرۆنا لە هەرێم بڵاودەکاتەوە

2020.06.30 - 14:07
ناس کورد ئامارە مەترسیدارەکانى کۆرۆنا لە هەرێم بڵاودەکاتەوە

ناس کورد-تایبەت

نیوەى توشبووانى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان نیشانەى نەخۆشییەکەیان لەسەر دەرکەوتووە، بەشێکیان دۆخیان ناجێگیرە و ژمارەیەکیشیان دۆخیان لەوپەڕى خراپیدایە، ئەوەش بەوتەى وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى هەرێم.

 

ئامارەکانى توشبوون و مردن بە کۆرۆنا لەهەرێمى کوردستان ماوەى مانگێکە بەشێوەیەکى بەردەوام رووى لە هەڵکشان کردووە و ئامارەکە بەردەوام لە بەرزبوونەوەى زیاتردایە.

 

بەپێی بەدواداچونەکانى ناس کورد، ئامارى توشبوون بە کۆرۆنا لەسەرەتاى ئەم مانگەوە تا ئێستا لە 745 حاڵەتەوە بازی داوە بۆ پێنج هەزار و 904 حاڵەت، کە  هەزار و 767 کەسیان چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و 937 کەسیان لە نەخۆشخانەن.

 

هەروەها ئامارى مردن بەو ڤایرۆسە لەسەرەتاى ئەم مانگەوە لە حەوت کەسەوە بۆ 200 کەس بەرزبووەتەوە.

 

ئامارەکان دەریدەخەن بەگشتى لە هەرێمى کوردستان لەئێستادا رۆژانە زیاتر لە 10 حاڵەتى مردن بەو ڤایرۆسە تۆماردەکرێن، ژمارەى ئەوانەشى کە تەندروستیان ناجێگیرە و پێویستیان بەچارەسەرە لەبەرزبوونەوەدان.

محەمەد قادر وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ناس کوردى ئاشکراکرد، لەسەدا پەنجاى توشبووانى ئێستا کە ژمارەیان سێ هەزار و 937 کەسە، نیشانەکانى نەخۆشییەکەیان لەسەر دەرنەکەوتووە، لەسەدا پەنجاکەى دیکە نیشانەى جیاجیان هەیە و چارەسەر وەردەگرن.

 

وتیشى "لەو لەسەدا پەنجایەى نیشانەیان هەیە، نزیکەى 100 کەسیان دۆخى تەندروستیان ناجێگیرە، 10-15 حاڵەتیش هەیە کە دۆخەکەیان زۆر زۆر خراپە و لەژێر چاودێرى چڕدان".

 

محەمەد قادر باسى لەوەشکرد، ئەوانە چارەسەرى جۆراوجۆریان پێدەدرێت، هەیانە چارەسەرى کۆکە، یان لەرزو تا، یان چارەسەرى دیکەیان پێدەدرێت بەپێی نیشانەکانیان.

 

تەندروستى هەرێم بەپێی راسپاردەکانى رێکخراوى تەندروستى جیهانى توشبووەکانى بەسەر پێنج ئاستدا پۆلێن کردووە بەم شێوەیە: بێنیشانە، نیشانەى سوک، ناوەند، خراپ، زۆر زۆر خراپ.

بەوتەى محەمەد قادر، زۆرینەى توشبووەکانى هەرێم لە پلەى یەک و دووەم پۆلێن دەکرێن، ژمارەیەکى کەمیان دۆخەکانیان لە پلەکانى دیکەدایە.

 

ئامارى توشبووانى ئێستاى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان بە ئامارێکى راستەقینەى توشبووان دانانرێت، بەو پێیەى بەوتەى بەرپرسانى تەندروستى خەڵکێکى زۆر هەیە کە توشبوون و نەدۆزراونەتەوە، یاخود پشکنینیان نەکردووە.

 

محەمەد قادر وتى "ژمارەکە لەوە زیاترە کە دەستنیشانکراوە، هەرچەندە ناتوانین بەوردى پێشبینى ژمارەکە بکەین، بەڵام چەندە لە نەخۆشخانەیە رەنگە ئەوەندەش هەبێت لەدەرەوە کە توشبوون".

 

ئامارەکان دەریدەخەن، کە ژمارەى مردن بەکۆرۆنا لەسەرەتاى ئەم مانگەوە تا ئێستا 2% بۆ %3.3 بەرزبووەتەوە، ژمارەى ئەوانەش کە چاکبوونەتەوە 44% بۆ %29.9 کەمبووەتەوە.

 

محەمەد قادر باسى لەوەکرد، ئامارى مردن لە هەرێم لە هەندێک وڵاتى دیکە زیاترە، بەڵام بەگشتى سەرجەم ئامارەکان لەرێژە نێودەوڵەتییەکان تێنەپەڕیوە، بۆ نمونە مردن کە لەنێوان %2-10% دایە.

 

لە ئێستادا تەندروستى هەرێم چاوى لە دوو هەفتەى داهاتووە بۆ ئەوەى وێنەیەکى رونترى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکەى دەستبکەوێت، بەتایبەت ئەگەر خەڵک پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە.

 

"دوو هەفتەى دیکە جارێکى تر هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەینەوە، ئەگەر خەڵک پابەندبێت بەرێنماییەکان، بەڕێژەیەکى زۆر ئامارەکان روو لەکەمبونەوە دەکەن، ئەگەرنا رێژەکان بەشێوەیەکى گەورەتر بەرزدەبنەوە"، محەمەد قادر وایوت.