کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
سەرچاوەیەک لە خێزانی عومەر حەسەن بەشیر، سەرۆکى لەسەرکارلادراوی سودان بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی وتووە، بەشیر گوازراوەتەوە بۆ زیندانی کوبر.
هاوکات هەر ئەمڕۆ (17ی نیسانی 2019) ڕۆژنامەیەکى سودانی ئاشکرایکرد، عومەر بەشیر ڕەوانەى زیندانیی کوبر کراوە و ئەنجومەنی سەربازیش بەڵێنیان پێداوە دادگاییەکى دادپەروەرانە دەکرێت و ڕادەستى دادگای تاوانى نێودەوڵەتی ناکەن.
ئەو ڕۆژنامە سودانییە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، دوێنێ بەشیر لەو ماڵەى کە تێیدا دەستبەسەربوو دەرهێنراوە و لەژێر پاسەوانییەکى توندوتۆڵدا گوازراوەتەوە بۆ زیندان.
عومەر حەسەن بەشیر دوو فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە لە دادگای تاوانى نێودەوڵەتی بە تۆمەتی قڕکردن و تاوان دژى مرۆڤایەتى لە هەرێمی دارفۆر لەنێوان ساڵەکانى 2003 و 2008.
لەلایەکى ترەوە، حکومەتى ئۆغەندا ڕایگەیاند، بیر لە پێدانی مافی پەنابەرێتى بە بەشیر دەکاتەوە کە ئەوەش یەکەم وڵاتە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتى بە بەشیر.
دوای 30 ساڵ لە فەرمانڕەوایی وڵات، ڕۆژی 11ی نیسانی 2019 و لەدوای چوار مانگ لە خۆپیشاندان، سوپای سودان لەسەرکارلابردنی عومەر حەسەن بەشیری ڕاگەیاند.