گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئاژانسێکی جیهانی ڕاستییەکە ئاشکرا دەکات

ئایا حکومەتی عێراق بڕیاری لابردنی وێنەی سەرکردە ئێرانییەکانى داوە لەشەقامەکان؟

2020.06.30 - 13:45
ئایا حکومەتی عێراق بڕیاری لابردنی وێنەی سەرکردە ئێرانییەکانى داوە لەشەقامەکان؟

ناس کورد-

ئاژانسێکی جیهانی ئاشکرای کرد، حکومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەک بڕیاری لابردانی وێنەی سەرکردە ئێرانییەکانی لە شەقامەکانی شارەکان نەداوە، ئەو وێنەیەشی کەچەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە گوایە حکومەت سەرقاڵی لابردنی وێنەکانە، فەیکە و ڕاست نییە.

 

شەوی 25-ی ئەم مانگە، هێزێکی دژە تیرۆری عێراق هەڵیکوتایە سەر بارەگاکانی کەتائیبی حزبوڵا بەمەبەستی دەستگیرکردنی ئەو فەرماندە و چەکدارانەی حزبوڵا کە دەستیان لە هاویشتنی موشەک بۆ باڵیۆزخانەکانی جیهان بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی هەبووە.

 

پاش چەند ڕۆژێک لە ئۆپڕاسیۆنەکەی حکومەت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووە کە گوایە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە وێنەی سەرکردە ئێرانییەکان لە شەقامەکانی شارە عێراقییەکاندا هەڵگیرێن، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەش وێنەیەک دانرابووە کە تێیدا دەردەکەوێت بەرزکەرەوەیەک لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری بەغدا خەریکە وێنەیەکی گەورەی (خومەینی) ڕابەری پێشووی شۆرشی ئیسلامی ئێران لادەبات.

 

بڵاوکراوەکە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان هەرای نایەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کرابووە کە  "کازمی فەرمانی کردووە لە هەنگاوی یەکەمدا وێنەکانی خومەینی و قاسم سولەیمانی لاببرێن".

بەگوێرەی ئاژانسی"فرانس پرێس"ی فەڕەنسی، تیمێکى پسپۆری ئاژانسەکە بەداواداچوونیان بۆ هەواڵەکە و وێنەکە کردووە دەرکەوتووە "مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەهیچ شێوەیەک بڕیاری لابردنی وێنەی سەرکردە ئێرانییەکانی نەداوە".

 

ئاژانسە فەڕەنسیەکە ئەوەشی ڕوونکردوەتەوە، "ئەو وێنەیەشی کە لەگەڵ هەواڵەکەدا بڵاوکراوەتەوە کۆنە و مێژووەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015  و لە بەغداش نەگیراوە، بەڵکو لە پارێزگای نەجەف گیراوە ئەوەش کاتێک ئەنجومەنی پارێزگاکە بڕیاریدابوو یەکێک لەو شەقامانەی کە بەئاڕاستەی فڕۆکەخانەی شارەکەدا دەڕوات ناوی بنێین شەقامی (ئیمامی خومەینی) بۆ ڕازاندنەوەی شەقامەکەش بڕیاریاندابوو وێنەیەکی خومەینی لەو شەقامەدا دابنێن".