گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەسرور بارزانى و شاندەکەى هەرێم دەرەنجامى دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەکەن

2020.06.30 - 11:39
مەسرور بارزانى و شاندەکەى هەرێم دەرەنجامى دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەکەن

ناس کورد-

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ شاندى هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا کۆدەبێتەوە، بەمەبەستى تاوتوێکردنى دەرەنجامى دوایین سەردانیان بۆ بەغدا.

 

سەمیر هەورامى، وتەبێژى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند، ئەمڕۆ مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت لەگەڵ شاندى دانوستانکارى هەرێم بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى کۆدەبێتەوە، بۆ تاوتوێکردنى دەرەنجامى دوایین سەردانى شاندەکە بۆ بەغدا.

 

هەفتەى ڕابردوو شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان چوونەوە بەغدا بۆ تەواوکردنى دانوستانەکان بەمەبەستى گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر نەوت و موچە، بەڵام بەبێ گەیشتن بە رێککەوتن گەڕانەوە هەرێم.  

 

عالیە نوسەیف، ئەندامى پەرلەمانى عێراق دوێنێ  لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو، شاندى هەرێمى کوردستان مەرجەکانى حکومەتى عێراقى ڕەتکردووەتەوە و بەبێ گەیشتن بە رێککەوتن گەڕاوەتەوە هەرێم. 

 

لە دانوستانەکاندا حکومەتى عێراق داواى کۆى داهاتى نەوتى هەرێمى کردووە، لەگەڵ نیوەى داهاتى خاڵە سنورییەکان و باج و گومرگ، لەکاتێکدا هەرێم پێشتر رەزامەندى لەسەر رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەى دەربڕیبوو.