گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوو توشبووى دیکەى کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

تەندروستى سلێمانى بۆ ناس کورد: نزیکەى 30 توشبوو بارى تەندروستیان ناجێگیرە

2020.06.30 - 10:58
تەندروستى سلێمانى بۆ ناس کورد: نزیکەى 30 توشبوو بارى تەندروستیان ناجێگیرە

ناس کورد-

جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دوو توشبووى دیکەى کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، نزیکەى 30 توشبووى دیکەش بارى تەندروستیان ناجێگیرە.

 

عەبدوڵا ئەحمەد، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى، ئەمڕۆ (سێشەممە) بە ناس کوردى ڕاگەیاند، ئەو دوو توشبووەى ئەمڕۆ گیانیان لەدەستداوە، خەڵکى دەرەوەى شارى سلێمانین.

 

وتیشى "هەروەها نزیکەى 30 توشبووى دیکەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەنەخۆشخانەکان بارى تەندروستیان ناجێگیرە و پێویستیان بە ئامێرى هەناسەدانى دەستکردە، لەرووى ئۆکسجین و ئامێرى هەناسەدانى دەستکردەوە کێشەمان نییە".

 

جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى باسى لەوەشکرد، جگە لە پشکنین لەڕێگەى کیتى تایبەت بە کۆرۆنا، لەئێستادا بە ئامێرى سیتى سکانیش پشکنین دەکرێت بۆ دۆزینەوەى توشبووانى کۆرۆنا، بەڵام لەلایەن وەزارەتى تەندروستى هەرێمەوە هێشتا پشت بەو رێگەیە نابەسترێت.

 

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، لە ئێستادا ژمارەى توشبووانى کۆرۆنا لەهەرێم گەیشتووەتە پێنج هەزار و 904 کەس، کە 200 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 767 کەسیان چاکبوونەتەوە.

 

بەپێی ئامارەکان، زۆرترین ژمارەى توشبووان لە سنورى پارێزگاى سلێمانییە بە چوار هەزار و 229 توشبوو، کە 170 کەسیان مردوون و 793 کەسیان چاکبوونەتەوە.