گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستى جیهانى هۆشداریی دەدات و باس لە ڕاستییەکى تاڵ دەکات

2020.06.30 - 10:20
تەندروستى جیهانى هۆشداریی دەدات و باس لە ڕاستییەکى تاڵ دەکات

ناس كورد-

رێکخراوى تەندروستى جیهانى هۆشداریدەدات لە بڵاوبوونەوەى زیاترى ڤایرۆسى کۆرۆنا بەجیهاندا و دەڵێت هێشتا خراپترین دۆخ نەهاتووە.

 

تيدروس ئەدهانوم بەڕێوەبەرى گشتى ڕێکخراوەکە ئاماژەى بەوەکرد، ڤایرۆسەکە ژمارەیەکى گەورەتری خەڵک تووش دەکات، ئەگەر حکومەتەکان سیاسەتى گونجاو لەو بارەیەوە نەگرنەبەر.

 

هەروەها جەختیکردەوە لەسەر پێویستى پشتبەستن بە ئاشکراکردن و بەدواداچوون بۆ ڤایرۆسەکە و کەرەنتین.

 

ئامارى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لەجیهاندا دە ملیۆنى تێپەڕاندووە لەو کاتەوە کە لەکۆتایی ساڵى ڕابردوودا ڤایرۆسەکە لە چین بڵاوبووەوە، هەروەها زیاتر لە 500 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

نیوەى توشبووان لەسەر ئاستى جیهان لە ئەمریکا و ئەوروپان، بەڵام ڤایرۆسەکە لەئێستادا بەشێوەیەکى خێرا لە ئەمریکا لە بڵاوبوونەوەدایە.

 

هەروەها ڤایرۆسەکە لەئێستادا لە باشورى ئاسیا و ئەفریقا لە بڵاوبوونەوەنەدایە و چاوەڕواندەکرێت لە کۆتایی تەموزدا بگاتە لوتکە.

 

بەڕێوەبەرى رێکخراوى تەندروستى جیهانى وتى "هەموان دەمانەوێت ئەمە کۆتایی بێت، هەموان دەمانەوێت ژیانمان بەردەوام بێت، بەڵام ڕاستییە قورسەکە ئەوەیە لەئێستادا نزیک نین لە کۆتایی".

 

وتیشى "سەرەڕاى پێشکەوتنى هەندێ وڵات لەو بارەیەوە، هێشتا ڤایرۆسەکە بەخێرایی لەجیهاندا بڵاودەبێتەوە".

 

تيدروس ئەدهانوم هانى حکومەتەکانیدا رێوشوێنەکانى هاوشێوەى ئەڵمانیا و ژاپۆن و کۆریاى باشور بگرنەبەر، بۆ چاودێریکردنى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە لەرێگەى گرتنەبەرى سیاسەتى توند کە ئەنجامدانى پشکنین و بەدواچوونى ڤایرۆسەکە لەخۆبگرێت.