گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕۆیتەرز: هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیراندا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە

2020.06.29 - 19:05
ڕۆیتەرز: هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیراندا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە

ناس کورد-

بەپێی داتا جیهانییەکانی نەوت، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیراندا بەڕێژەی 9% کەمیکردووە، بەڵام تائێستا عێراق نەیتوانیوە بەتەواوی پابەندی ڕێککەوتنەکەى ئۆپیک بێت لە بارەی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان.

 

بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی "پترۆ لۆجستکس"ی جیهانی بواری نەوت، "ئاستی نەوتی هەناردەکراو لە کیڵگەکانی باشوری عێراق لە 28ی ئەم مانگەدا گەیشتوەتە دووملیۆن و900 هەزاربەرمیل نەوت کە ئەو ڕێژەیەش بە 200 ملیۆن بەرمیل کەمترە بەراورد بە مانگی ئایاری ڕابردوو".

 

دانیال گێربەر، سەرۆکی جێبەجێکاری دامەزراوەکە لەو باریەوە بە ڕۆیتەرزی وتووە، "لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەکەم جارە ئاستی نەوتی هەناردەکراوەی عێراق بەم شێوەیە کەمبکات، بەڵام سەربارەی ئەو کەمبونەوەیە دەبێت عێراق 300 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە کەمبکاتەوە بۆ ئەوەی بەتەواوی  پابەندی ڕێککەوتنەکەی ئۆپیکەوە بێت".

 

 بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، عێراق لە مانگی ئایاری ڕابردوودا توانیویەتی  بەرێژەی 38%دا پابەندی ڕێککەوتنی ڕێکخراوی ئوپێک بێت بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، کیڵگە نەوتییەکانی باشوری عێراق بە سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقە، بۆیە ڕێژەیەکی زۆر لەکەمکردنەوەکە بەر پشکی ئەو کیڵگانە  دەکەوێت و ڕەنگدانەوەی لە سەر دەبێت.

 

سەبارەت بە کیڵگە نەوتییەکانی باکوری عێراق، ڕێژەی هەناردەکردنی نەوت لە مانگی حوزەیراندا گەیشتووەتە 370 هەزار بەرمیل نەوت، بەراورد بەمانگی  ئایاری ڕابردوو نزیکەی 110 هەزار بەرمیل نەوت کەمیکردووە کە ئەوەش لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق بووە لە هەرێمی کوردستان بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکەی ڕێکخراوی ئۆپیکەوە.

 

بە گوێرەی ڕۆیتەرز، فشار خراوەتە سەر عێراق و کازاخستان بۆ ئەوەی پابەندی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بن، ئەویش بەپێی ڕێککەوتنی نێوان وڵاتەکان.

 

ئەوەشخراوەتەوە، سەرچاوە عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە کە بەرزبوونەوەی ئەمدواییانەی نرخی نەوت لە جیهاندا هاوتەریبە بە بەڵێنی هەریەکە لە کازاخستان و عێراق بە وڵاتانی ئۆپیک پڵەس بۆ پابەندبوونیان بە کەمکردنەوەی نەوت لە مانگی تەموز، هەروەها عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئۆپیک لەسەر ئەوە ڕێککەوتووە لە مانگی تەموزەوە، قەرەبووی ئەو بڕە نەوتە بکاتەوە کە دەبوو لە مانگەکانی پێشوودا، بەپێی ڕێککەوتنەکە، کەمی بکاتەوە. 

 

لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، وڵاتانی ڕێکخراوی ئۆپێک بە سەرۆکایەتی سعودیە لەلایەک، وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە دەرەوەی ئۆپێک بە سەرۆکایەتی ڕوسیا لەلایەکی دیکە، ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو سەقامگیری بۆ نرخی نەوت بگەڕێننەوە، بەوپێیەش عێراق دەبێت ڕۆژانە ملیۆنێک و 60 هەزار بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی کەمبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەتەواوەتی پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبووە و بڕیارە لە سەرەتای مانگی تەمموزەوە پابەندییەکانی جێبەجێبکات.