گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەى چارەسەر؟

گۆڕان: ناکرێت بەردەوام چاومان لە بەغدا بێت و دەستی لێ پان بکەینەوە

2020.06.29 - 17:56
گۆڕان: ناکرێت بەردەوام چاومان لە بەغدا بێت و دەستی لێ پان بکەینەوە

ناس کورد-

سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەى گۆڕان دەڵێت، چاکسازی و کۆنتڕۆڵکردنی داهاتەکان و خۆماڵیکردنی
بەشێک لە سەروەت و سامانی کۆمپانیا حیزبیەکان، دوا چارەسەرن و "ئەگەر کۆتایى بەو تاڵانکاریە بهێنرێت کە هەیە، دۆخی دارایی هەرێم تا ئاستێک دەبوژێتەوە".

 

عەدنان عوسمان، سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانى و ئەندامى خانەى
راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان بە میدیای فەرمی حزبەکەى وتووە، ئەگەر ئیرادە و ڕاستگۆیی هەبێت، دەکرێت مانگانە ملیۆنان دۆلار بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنرێتەوە و دەڵێت: "لە ئێستادا تاڵانیەکی گەورە هەیە، ئەگەر چارەسەر بکرێت وکۆتایی پێ بهێنرێت ئەوا دۆخی دارایی هەرێم تا ئاستێک دەبوژێتەوە، چاکسازی و کۆنتڕۆڵکردنی داهاتەکان و خۆماڵیکردنی بەشێک لە سەروەت و سامانی کۆمپانیا حیزبیەکان، دوا چارەسەرن".


لەبارەى دانوستانەکانى رێککەوتن لەگەڵ بەغدا و ئەو پرسە، ئەندامەکەى خانەى راپەڕاندن دەڵێت: "ناکرێ بەردەوام چاومان لە بەغدا بێت و دەستی لێ پان بکەینەوە، بەغدا بژاردە بەهێزەکە نییە، بژاردەی ڕاستەقینە ناوخۆی هەرێمە، رێککەوتن لەگەڵ بەغدا لە ئێستادا سەخت و دژوار و تا ئاستێکیش قورسە، چونکە بەغدا لە روی داراییەوە دۆخی
خراپە، رۆحی مەرکەزیەت لە بەغدا تادێت بەهێزتر دەبێت و کارنامەی هەرێمیش لەگەڵ بەغدا لەساڵانی رابردودا ئەوەندە خراپ بوە کە هیچ متمانەیەک نەماوە".


ئەوە لەکاتێکدایە ئێستا بزوتنەوەى گۆڕان جوڵەیەکى سیاسى دەستپێکردوە بۆلاى هێز و لایەنە سیاسیەکان، وەک بەرپرسانی ئەو حزبە دەڵێت، ئامانجى سەردانەکان "بەرەوپێشبردنى زیاترى پرسى چاکسازى و دۆزینەوەى دەرچەیەک بۆ ئەو قەیرانانەى ئێستا بەرۆکى هەرێمى کوردستانى گرتوەتەوە لە سەرو هەمویانەوە دۆخى ژیانى خەڵک وتەندروستى و پاراستنى قەوارەى هەرێم.

 

ئەمڕۆ بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبوونەوە و جەختیانکردەوە لە پشتیوانیکردنى حکومەت بۆ ئەنجامدانى چاکسازیی و و کارکردن بۆ نەهێشتنى بەربەست و رێگرییەکان بەتایبەتى رەواندنەوەى ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى.  

  

دەرباز محەمەد، ئەندامى شاندى گۆڕان لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، "وەکو گۆڕان پشتیوانى حکومەت دەکەن بۆ ئەنجامدانى چاکسازیی، بەڵام ئێستا پڕۆسەکە بە خاوخلیچکى بەرێوەدەچێت، ئەوەش بەهۆى ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتییەوە".  

  

وتیشى، "دەستپێشخەرى ئێمە ئەوەیە ئەو دابڕانەى لەنێوان پارتى و یەکێتدا هەیە نەمێنێت، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەى هەردوولا کۆبنەوە، دواتریش کۆبوونەوەى سێ قۆڵى بکرێت، بەڵام تا ئێستا ئەوە هەر هەوڵە".  

  

لاى خۆیەوە مەحمود محەمەد وتەبێژى پارتى ڕایگەیاند، هەوڵەکانیان چڕدەکەنەوە بۆ ئەوەى یەکڕیزى بهێننە دى، لەرێگەى رێکخستنەوەى پەیوەندییەکانەوە.  

  

جەختیشیکردەوە، "یاساى چاکسازى دەبێت لەوادەى خۆیدا بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دواى جێبەجێکردنى دەردەکەوێت کێ دژێتى و کێ لەگەڵیدایە، گۆڕان پێی ڕاگەیاندین کە پشتیوانى یاساکەن".