گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەرجەکان چیبوون؟

پەرلەمانتارێکى عێراقى: هەرێم مەرجەکانى بەغداى بۆ ڕێککەوتن ڕەتکردووەتەوە

2020.06.29 - 17:06
پەرلەمانتارێکى عێراقى: هەرێم مەرجەکانى بەغداى بۆ ڕێککەوتن ڕەتکردووەتەوە

ناس کورد-

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق ئاشکرایکرد، شاندى هەرێمى کوردستان مەرجەکانى حکومەتى عێراقى ڕەتکردووەتەوە و بەبێ گەیشتن بە رێککەوتن گەڕاوەتەوە هەرێم.

 

عالیە نوسەیف، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، حکومەتى عێراق مافى خۆیەتى داوا لە حکومەتى هەرێم بکات کۆنترۆڵى سەرجەم داهاتەکانى هەرێم بکات وەکو نەوت و گومرگ و باج، لە بەرانبەر پێدانى بڕى 453 ملیار دینارى مانگانە.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، هەروەها بەغدا مافى خۆیەتى داواى ڕادەستکردنى سەرجەم نەوتى بەرهەمهێنراوى هەرێم بکات، هەروەها پشکى هەرێم لەداهاتى خاڵە سنورییەکان تەنها 50٪ بێت.

 

عالیە نوسەیف دەڵێت، ئەو خاڵانە مافى گەلى عێراق لە باکورەوە بۆ باشور دەپارێزێت، کۆتاییش دەهێنێت بە مەینەتییەکانى کورد لە پرسی دابەشکردنى موچە و سنور دادەنێت بۆ بەقاچاخبردنى نەوت.

 

"بەڵام بەداخەوە ئەو خاڵانە لەلایەن شاندى کوردەوە بە هەند وەرنەگیراوە و ڕەتیانکردووەتەوە و گەڕاونەتەوە بەغدا بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتن" نوسەیف وایوتووە.

 

ئەو پەرلەمانتارە ستایشى مەرجەکانى حکومەتەکەى مستەفا کازمى کردووە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم و بە نیشتیمانى ناوی دەبات.

 

هەفتەى ڕابردوو شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان چوونەوە بەغدا بۆ تەواوکردنى دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا بەمەبەستى گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر نەوت و موچە، بەڵام بەبێ گەیشتن بە رێککەوتن گەڕانەوە هەرێم.

 

پێشتر شیروان میرزا، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، "بەراورد بە دانوستانەکانى ساڵى ڕابردوو بەغدا ئاستى داواکارییەکانى بەرزکردووەتەوە و داواى کۆى داهاتى نەوتى هەرێم دەکات، ئەوەش بەهۆى دابەزینى نرخى نەوتەوە".  

  

لە دانوستانەکانى پێشوودا کە لەنێوان هەرێم و حکومەتى کاربەڕێکەرى عادل عەبدولمەهدیدا بەرێوەچوون، بەغدا داواى 250 هەزار بەرمیل نەوتى دەکرد و هەرێمیش رەزامەندى نیشاندا، بەڵام لە دانوستانەکانى ئەمجارە کە یەکەمجارە لەگەڵ کابینەى نوێ بەسەرۆکایەتى مستەفا کازمى بەڕێوەدەچن داواى کۆى داهاتى نەوت دەکات.  

  

بەوتەى شیروان میرزا، هەروەها بەغدا داواى نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکانى هەرێمیش دەکات، بۆ هەردوو داواکارییەکەش هەرێم رەزامەندە، بەڵام لەسەر ئەو بڕە پارەیە رێکنەکەوتوون کەهەرێم بۆ موچەى فەرمانبەران داوایدەکات.  

  

رونیشیکردەوە، "هەرێم داواى 800 بۆ 850 ملیار دینار دەکات بۆ موچەى فەرمانبەران، بەڵام بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و نەبوونى سیولەوە بەغدا رازى نییە بەو بڕە پارەیە".  

  

شیروان میرزا باسى لەوەکردبوو، چاوەڕواندەکرێت هەردوولا لەسەر چارەسەرێکى مامناوەند رێکبکەون و بەغدا 600 ملیار دینار بۆ موچەى فەرمانبەران بنێرێت.