گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق پێشنیازی وەزارەتی تەندروستی بۆ سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی ڕەتکردەوە

2020.06.29 - 16:25
عێراق پێشنیازی وەزارەتی تەندروستی بۆ سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی ڕەتکردەوە

ناس کورد-

لیژنەى باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی عێراق سەپاندنی قەدەغەی تەواو و گشتگیری هاتوچۆی لە ڕۆژانی داهاتوو ڕەتکردەوە.

 

لەجیاتی ئەوە، لیژنەکە بڕیاری دا بە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەیی کە لە کاتژمێر حەوتی ئێوارەوە دەستپێدەکات و تاوەکو شەشی بەیانی بەردەوام دەبێت.

 

پێشتر وەزارەتی تەندروستی پێشنیازی سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی لە وڵات کرد بۆ ماوەى چوار هەفتە.

 

ڕیاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، "دوای بەرزبوونەوەى حاڵەتەکانی توشبوون و خێرا بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا و خوێندنەوەى دۆخەکە لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکانەوە، ڕێککەوتین لەسەر پێویستی سەپاندنی قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ کە کەمتر نەبێت لە 30 ڕۆژ، هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی و پابەندنبوون بە ڕێکار و ڕێنماییە خۆپارێزییەکان."

 

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماری 24 کاتژمێری ڕابردووی تایبەت بە کۆرۆنای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هەزار و 749 توشبووی نوێ تۆمارکراون و هەزار و 852 کەسیش چاکبوونەتەوە، ئەوەش یەکەمجارە لەدوای چەند هەفتە روودەدات.

 

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 11 هەزار و 172 پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراون و هەزار و 749 حاڵەتی نوێ لە سەرانسەری عێراق تۆمارکراون".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "هەر لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا هەزار و 852 توشبووی ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە"، واتە ژمارەی چاکبووان لە توشبووان زۆرترە، ئەوەش بۆ یەکەمجارە لەدوای چەند هەفتەیەک لەعێراق ڕوودەدات.

 

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، 83 توشبووی دیکەش گیانیانلەدەستداوە، بەوەش مردنیش بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو کەمیکردووە.

 

بەگوێرەى داتا فەرمییەکانى وەزارەتى تەندروستى عێراق لەئێستادا کۆى گشتی توشبووانی کۆرۆنا لە عێراق 47 هەزار و 151 کەسن و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 22 هەزاریان چاکبوونەتەوە و هەزار و 839 توشبووش گیانیانلەدەستداوە