ناس کورد-
لەئێستادا لەسلێمانی بەشێوەیەکی بەرچاو پلازمای خوێنی چاکبووانی کۆرۆنا بۆ ئەو توشبووانە بەکاردەهێنرێت کە تەندروستییان ناجێگیرە، بەگوێرەی ئامارەکانیش تائێستا %25ی ئەو کەسانەی چاکبوونەتەوە پلازمایان بەخشیوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
تاوەکو ئێستا لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە کۆی چوار هەزار و 97 توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا 774 چاکبوونەوە تۆمارکراون، هەرچەندە بەرپرسانی تەندروستیی سلێمانی دەڵێن، ژمارەی چاکبووان زیاترن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەماڵەوەن و کە چاکدەبنەوە خۆیان تۆمار ناکەن، لە چاکبوواندا تۆمارناکرێن.
د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە هەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتى:" ئێستا 186 هاووڵاتی لە شاری سلێمانی دوای چاکبوونەوەیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پلازمایان بەخشیووە".
وتەبیژی تەندروستیی سلێمانی سوپاسی ئەو کەسانەشی کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە: "سوپاس بۆ بەخشندەییتان".
بەپشت بەستن بەو ژمارەیەی وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی، واتە %25ی چاکبووان لە سلێمانی پلازمای خوێنیان بەخشیوە.
د. هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو کەسانەی چاکدەبنەوە لە ڤایرۆسەکە، پاش یەک هەفتە دەتوانن بچن پلازما ببەخشن"، بۆیە چاوەڕێدەکرێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی چاکبووان، ژمارەی ئەو کەسانەشی پلازما دەبەخشن لەماوەی داهاتوودا زیاتربن.