گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’هێرشەکە بەهاوکاری کەسانی خۆفڕۆش ئەنجامدراوە’

پژاک ناو و ناسنامەی شەهیدەکەی کونەماسی ئاشكراکرد

2020.06.29 - 14:03
پژاک ناو و ناسنامەی شەهیدەکەی کونەماسی ئاشكراکرد

 ناس کورد-

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ناسنامەی ئەو گەریلایەی ئاشکرا کرد کە لە بۆردومانەکەی سەر کونەماسی لەشاری سلێمانی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە شەهید بوو، ڕاشیگەیاند، ئەو هێرشە دەرئەنجامی هەوڵ و تەقەلای خەتی خیانەت و بەکرێگیراوی بوو و بە هاوکاری کەسانی خۆفڕۆش روویدا.

 

ئەمڕۆ (دووشەممە، 29ی حوزەیرانی 2020)، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لەڕاگەیەندراوێکدا ناو و ناسنامەی ئەو گەریلایەی ئاشکرا کرد کە ڕۆژی 25ی ئەم مانگە لە هێرشێکی فڕۆکەکانی تورکیا لە سەیرانگای کونەماسی سەربە پارێزگای سلێمانی، شەهید بوو.

 

هاوکات پژاک ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەو هێرشە کە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجامدرا، دەرئەنجامی هەوڵ و تەقەلای خەتی خیانەت و بەکرێگیراوی بوو و بە هاوکاری کەسانی خۆفڕۆش روویدا".

  

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پژاک ناسنامەی ئەو شەهیدە بەم شێوەیەیە:

 

ناو و پاشناو: رێبوار قولی‌زادە.

 

ناوی رێکخستنی: ئاریوان شۆڕشگێڕ.

 

لەدایکبووی: شاری بۆکان.

 

شەهادەت: 25ی حوزەیرانی 2020، شارباژێر - باشوری کوردستان.

 

لەسەر کەسایەتی ئەو گەریلایە لە پەیامەکەی پژاکدا هاتووە: "هەڤاڵ ئاریوان لاوێکی خوێنگەرم و خاوەن هەستی بەرزی وڵاتپارێزی و خەڵک دۆست بوو کە بە تێگەیشتن لە داگیرکارییەکانی کۆماری ئیسلامی و دۆخی نالەباری کۆمەڵگا و خوێندنەوەیەکی ڕاست لە پرسی کورد، رێگەی چیا سەرکەشەکانی کوردستانی بە ئامانجی درێژەدان بە خەبات لەسەر رێچکەی شەهیدانی پێشەنگ وەک عاکیف مامۆ زاگرۆس، دلێر بۆکان و دڵگەش و ئاراس گرتەبەر، بڕیارداری هەڤاڵ ئاریوان لە خەباتدا بوو بە هۆی گەشەکردن و پێشکەوتنی لە ماوەیەکی کورتدا و بەردی بنەمای کادربوون و پێشەنگایەتی شۆڕشگێرانەی بە پتەوی دانا، دڵسۆزانە و خۆنەویست شانیدا بەر خەبات و بە نەزم و رێک‌وپێکی لە کاردا دەناسرا، بە دڵنزمی و لێهاتوویی لە ناو هەڤاڵاندا خۆشەویست بوو، یادی بەرز بێت و رێگای پر رێبوار".

 

ڕۆژی 25ی حوزەیرانی 2020، لە سەیرانگای کونەماسی لە پارێزگای سلێمانی، لە بۆردومانێکی فرۆکەجەنگییەکانی تورکیادا، گەریلایەک شەهید کرا و سێ گەریلا و ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنیش برینداربوون.