ناس کورد-
هەرچەندە بڕیاربوو دوێنێ (یەکشەممە) مووچەى وەزارەتى پێشمەرگە دابەش بکرێت بەڵام ناس کورد زانیوویەتى بەهۆی دروستبوونی کێشە و تەواونەبوونی لیستی موچە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆتە هۆى دابەشنەکردنى مووچەى ئەو وەزارەتە و بەڕێوەبەری ژمێریاری وەزارەتەکەش دەڵێت، ئەمڕۆ دەست بەدابەشکردنی موچەی لیواکان دەکەن و سبەینێ موچەی یەکەکانی 70 و 80 دابەش دەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی خشتەی دابەشکردنی موچەی وەزارەتی دارایی، بڕیاربوو دوێنێ (یەکشەممە) موچەی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەمڕۆش موچەی یەکەکانی 70 و 80 دابەش بکرێت، بەڵام دوێنێ موچەی لیواکان دابەش نەکرا.
لەو بارەیەوە لیوا بەکر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی وەزارەتی پێشمەرگە بەناس کوردی ڕاگەیاند: "کاتێکی زیاترمان دەویست بۆ ئامادەکردنی خشتە نوێیەکەی موچە بە لێبڕینەوە، بەهۆی زۆری ژمارەی لیواکانمان و وردەکاری ڕێژەی لێبڕینەکەش".
وتیشی: "ئەمڕۆ هەموو کارەکان تەواو بووە و موچەی لیواکان دابەش دەکرێت و سبەینێ موچەی یەکەکانی 70 و 80 دابەشدەکرێت".
سەبارەت بەوەی کە ڕێژەی لێبڕینی موچەی پێشمەرگە کەمکرابێتەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد: "نەخێر ئەوە ڕاست نییە و هەربەپێی بەهەمان ئەو خشتەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە موچە کەمدەکرێتەوە و لێبڕینەکە لە %15-وە دەستپێدەکات تا %50 و هیچ موچەیەکیش لە 400 هەزار کەمتر نابێت".