گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گەنجانی تورك بۆ ئەردۆگان: لەهەڵبژاردنی داهاتوو لەسەر ئەو كورسیە داتدەگرین

2020.06.29 - 10:09
گەنجانی تورك بۆ ئەردۆگان: لەهەڵبژاردنی داهاتوو لەسەر ئەو كورسیە داتدەگرین

ناس کورد- 

لەڤیدیۆ كۆنفڕانسێكدا كە سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بۆ دیداری نێوان ئەردۆگان و ژمارەیەك لەگەنجانی توركیا ڕێكیخستبوو، گەنجان جامی توڕەیی خۆیان بەسەر ئەردۆگاندا ڕژاند و هەڕەشەی ئەوەیان لێكرد لەهەڵبژاردنی داهاتودا لەكورسیەكەی دەیهێننە خوارەوە.

 

بەمەبەستی تاوتوێكردنی چەند پرسێكی تایبەت بە گەنجان و وەڵامدانەوەی پرسیارەكان لەبارەی كێشەی بێكاری گەنجانەوە، سەرۆكایەتی كۆماری توركیا هەستا بەئەنجامدانی دیدارێك لە ڕێگەى ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە بۆ ئەردۆگان و ژمارەیەک لە گەنجانى ئەو وڵاتە. 

 

پێش ئەوەی ڕێكخەرانی كۆنفڕانسەكە فریابكەون توڕەیی گەنجیانیان لەكۆمێنتەكاندا بەسەردا ڕژا كە گەیشتە 432 كۆمێنت و گەنجان بەڵێنی ئەوەیان بە ئەردۆگاندا لەهەڵبژاردنی داهاتودا شكستی پێبهێنن، دواتر ڕێكخەرانی كۆنفڕانسەكە توانای كۆمێنت نوسینیان ڕاگرت.

 

بەشێک لەو کۆمێنتانەى بۆ ئەردۆگان نووسرا بریتى بوو لە "جارێكی دیكە دەنگت پێنادەین" و "لەسندوقەكانی دەنگداندا ڕوبەڕووت دەبینەوە"، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە وتەکانى ئەردۆگان کە هیواى ئایندەیەكی گەشی بۆ گەنجان دەخواست بۆ بەدیهێنانی خەونەكانیان، دوای زیادبونی كۆمێنتی ڕەخنەكانیش لەدژی ئەردۆگان، ڕێكخەرانی كۆنفڕانسەكە ناچاربوون ڕێگە لەنوسینی كۆمێنت بگرن و دواتریش كۆتایی بە دیدارەکە بهێنن. 



لەكاردانەوەیەكیشدا لەسەر ئەو كارە، لای خۆیەوە ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆكوەزیرانی پێشوتری توركیا لەتوێتێكیدا  سەرکۆنەى داخستنی كۆمێنت نوسینی كۆنفڕانسەكەى كرد و ڕایگەیاند" هەموو كاتێك وەڵامی پرسیاری گەنجان دەدەمەوە و گەنجان ماڵپەرە تایبەتەكەم بەڕێوە دەبەن و ئەوە سەرباری ئەوەی توانای كۆمێنت نوسین بەلای منەوە كراوەیە" .