گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

جگە لە كۆرۆنا پەتايەكى تر یەخەى دانیشتوانى ئەو کیشوەرەى گرتووە 

5 ملیۆن کەس لە ئەفریقیا مەترسى برسیبونیان لەسەرە 

2020.06.29 - 09:06
5 ملیۆن کەس لە ئەفریقیا مەترسى برسیبونیان لەسەرە 

ناس کورد- 

شەپۆلى كولە لە چەندين ناوچەى كيشوەرى ئەفريقاى داوە و هەڕەشەى برسێتى لەسەر 5 مليۆن كەس دروستكردوە، ئەوەش سەرەڕاى مەترسيەكانى پەتاى كۆرۆنا كە هەڕەشەى لەسەر ئەو كيشوەرە دروست كردوە، ڕێكخراوى "فاو"يش شەپۆلەكە بە "پەتا" ناودەبات.

 

ليژنەى ڕزگارى نێودەوڵەتى بڵاويكردوەتەوە، دانيشتوانى ڕۆژهەڵاتى ئەفريقا ڕوبەڕوى دوو مەترسى بوونەتەوە، ئەوانيش پەتاى كۆرۆنا و شەپۆلى كولـلە، ئەوەش لەكاتێكدايە كە لە بنەڕەتدا دانيشتوانى ئەو ناوچەيە بەدەست نەبونى ئاسايشى خۆراكەوە دەناڵێنن.

 

بەپێى ڕاپۆرتێك كە ماڵپەرى مونتەداى ئابورى جيهانى بڵاويكردوەتەوە، شەپۆلى كولـلە كە نزيكەى 80 مليۆن كولـلە دەبێت بە بڵاوبونەوەيان لە يەك كيلۆمەتردا دەتوانن پێداويستى 35 هەزار مرۆڤ لەناوبەرن لەيەك ڕۆژدا، ئەو كولـلانە لە يەك ڕۆژدا دەتوانن 150 كيلۆمەتر ببڕن.

 

كولـلەى بيابانى ماوەى 3 مانگ دەژين و هێلكە دەكەن و نەوەيەك تا نەوەيەكى تر 20 هێندە زياد دەكەن و لەماوەى 6 مانگا 400 هێندە زياد دەكەن، هەروەها لەماوەى 9 مانگدا 8000 هێندە زياد دەكەن.

 

لاى خۆشيەوە ڕێكخراوى خۆراك و كشتوكاڵى سەربە نەتەوە يەكگرتوەكان هۆشدارى داوە لەوەى كە پەتاى كۆرۆنا واى لەو كۆمەڵگانەى كە لاوازترن كردوە ڕوبەڕوى قەيرانە كەڵەكەبوەكان ببنەوە، چونگە ڕێگەكانى دابينكردنى پێداويستى بڕدراون و ئەوەش قەيرانى برسێتى قوڵتر کردۆتەوە.

 

بەپێى داتاكانى تۆڕى جيهانى بۆ بەرەنگاربونەوەى قەيرانە خۆراكيەكان، "كينيا، ئۆگەندا، باشورى سودان، ئەسيوپيا، سۆماڵ، ئەريتيريا و جيبۆتى" لە زەرمەندترين وڵاتەكانى جيهان دەبن بەهۆى پەتاى كۆرۆنا و شەپۆلى كولـلەوە، ئەوەش لەكاتێكدايە كە لە بنەڕەتدا لە هەر 5 كەسێك لەو وڵاتانە كەسێك بەهۆى نەبونى ئاسايشى خۆراكەوە دەناڵێنێت.

تۆڕەكە داواشى كردوە ڕێوشوێنى بەپەلە بگیرێتە بەر بۆ هاوكاریكردنى ئەو دەوڵەتانە كە سەرەڕاى ئەوانە لەساڵى 2019 ەوە بەدەست قەيرانى نەبونى ئاسايش و قەيرانى ئابوريەوە دەناڵێنن و ئێستاش كۆرۆنا هاتوە و قەيرانەكانى لەسەر 25 مليۆن كەس قوڵتر كردوەتەوە.

 

ڕێكخراوى خۆراك و كشتوكاڵ "فاو" بڵاوبونەوەى شەپۆلى كولـلەى لە جيهاندا كە ناتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێت بە "پەتا" ناوبردوە و ئاماژەى بەوەشداوە، ئەگەر دەستوەردانى بەپەلە نەكرێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ئەوا سارێژبونەوەى ئەو ناوچانە بەدەست نەهامەتيەكانەوە چەندين ساڵ و مليۆنان دۆلارى دەوێت.

 

ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، بەبێ بەرەنگاربونەوەى ئەو پەتايە 50% بۆ 70% ى كشتوكاڵ توشى زيان دەبێت، ئەو شەپۆلەشى بە خراپترين داناوە لەماوەى 70 ساڵى ڕابردودا.