گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆچى پارتى لە ئۆپراسیۆنەکە دەترسێت؟

نهێنییەکانى پشت ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەى تورکیا لە قوڵایی خاکى هەرێم [تایبەت]

2020.06.28 - 23:44
نهێنییەکانى پشت ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەى تورکیا لە قوڵایی خاکى هەرێم [تایبەت]

ناس کورد-

لەهەرێمى کوردستان ترسێکى زیاتر هەستپێدەکرێت لەبەرانبەر ئۆپراسیۆنە سەربازییە نوێیەکەى تورکیا لە قوڵایی خاکى هەرێم، بەهۆى گەورەیی ئۆپراسیۆنەکەوە، بەراورد بە ئۆپراسیۆنەکانى ڕابردوو کە زیاتر سنوردار بوون.

 

ئۆپراسیۆنە نوێیەکە کە ناوەڕاستى ئەم مانگە بە بۆردومانکردنى چەندین ناوچە لە هەرێمى کوردستان دەستیپێکرد، بە پاساوى هێرشکردنە سەر پێگەکانى پەکەکە، بەخێرایی گۆڕا بۆ ئۆپراسیۆنێکى فراوانتر لەوانەى پێشوو، بەتایبەت کە لە ئاسمان و زەمینەوە ئەو وڵاتە هێرشى چڕى دەستپێکردووە.

 

دواى دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنەکە، هێزێکى زۆرى تایبەتى کۆماندۆى تورکیا رەوانەى سنورى هەفتانین کران لەپارێزگاى دهۆک، هەروەها فڕۆکە جەنگییەکان بەچڕى بەردەوامن لە بۆردومانکردنى ناوچە جیاجیاکان.

 

تورکیا بەدرێژایی ساڵانى ڕابردوو چەندین ئۆپراسیۆنى سەربازى دژى پەکەکە لەخاکى هەرێم ئەنجامداوە، ساڵى ڕابردوو ئەو وڵاتە دوو ئۆپراسیۆنى ئەنجامدا لە ناوچەى خواکورک، بەڵام هیچیان بەئەندازەى ئەم ئۆپراسیۆنە بەرفراوان نەبوون، بەتایبەت کە ئەمجارە لەزەمینیشەوە ئەو وڵاتە هێرشى دەستپێکردووە.

 

ئۆپراسیۆنەکەى ئەمجارە دواى چەند هەڕەشەیەکى پێشترى بەرپرسانى ئەنقەرە دێت بۆ ئەنجامدانى هێرشى زەمینى بۆ سەر قەندیل پێگەى سەرەکى پەکەکە.

 

سەرچاوەیەکى سەربازى لە هەرێمى کوردستان بە ناس کوردى ڕایگەیاند "تورکیا چ جارێک هاتبێتە هەرێم نەگەڕاوەتەوە و جێپێی خۆى قایم کردووە، ئەمجارەش بەهەمان شێوەیە و لەو شوێنانە ناگەڕێتەوە کە بۆى هاتووە".

 

تورکیا بەدرێژایی ساڵانى ڕابردوو چەندین کیلۆمەتر خاکى هەرێمى بەزاندووە، بە پاساوى هێرشکردنە سەر پەکەکە، دەیان بنکەى سەربازیشى لەو ناوچانە دروستکردووە.

 

سەرچاوەکە وتى "پێدەچێت بەهۆى ئۆپراسیۆنەکەى ئەمجارەوە تورکیا بنکەى سەربازى زیاتر لە هەرێمى کوردستان دروستبکات و جێپێی خۆى زیاتر قایم بکات".

 

باسى لەوەشکرد، هەرچەندە ئۆپراسیۆنەکە لەناو خاکى هەرێمدایە، بەڵام لەبەرئەوەى هەرێم بەشێکە لە عێراق، زیاتر پرسەکە پەیوەندى بە سەروەرى خاکى عێراقەوە هەیە، بەتایبەت کە سنورەکان لەلایەن هێزەکانى پاسەوانى سنورى سەر بە عێراقەوە دەپارێزرێن.

 

"لەگەڵ ئەوەشدا رێککەوتنێکى پێشترى تورکیا هەیە لەگەڵ عێراق کە رێگە دەدات بەوەى ئەو وڵاتە بۆ راوەدونانى پەکەکە بە قوڵایی 10 کیلۆمەتر بێتە خاکى عێراقەوە"، سەرچاوەکە وایوت.

 

ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەى ئەمجارەى تورکیا نیگەرانى هەرێمى کوردستان و عێراقى لێکەوتووەتەوە، بەڵام نیگەرانییەکانى بەغدا توندترن بەرانبەرى، بەتایبەت کە بەغدا باڵیۆزى ئەو وڵاتەى بانگهێشتکرد و پەیامى نیگەرانى پێگەیاند.

 

بەڵام نیگەرانییەکان نەبوونەتە هۆى وەستان یان خاوبوونەوەى ئۆپراسیۆنەکان و تورکیا بەردەوامە لە ئۆپراسیۆنەکەى، کە شەهید و بریندارى لە ریزى هاوڵاتیانى مەدەنى لەناوچە سنورییەکانى هەرێم لێکەوتووەتەوە.

 

نیگەرانییەکان لە هەرێم وردە وردە خەریکە زیاتر دەبن، بەتایبەت لەلاى بەرپرسانى پارتى دیموکراتى کوردستان کە وەک لایەنێک ناسراوە کە کەمتر دژى ئۆپراسیۆنەکانى ئەو وڵاتەیە.



نیگەرانیەکان یەکەمجار لەلایەن هۆشیار زێبارى ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتییەوە راگەیەنران، کاتێک لە تویتێکدا رایگەیاندبوو، "هێرشی ئەم چەند ڕۆژەی توركیا لە سنوری زاخۆ لە هەرێمی کوردستان، گۆڕانكاری گرنگ و نوێی جیۆپۆلەتیكی نیشاندەدەن."    

  

ئاماژەی بەوەشکردبوو "لێدوانەكانی بەرپرسانی توركیاش ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە نیازیان هاتنەوەیە بۆ دەشتی نەینەوا و گەڕانەوە بۆ مێژووی كۆن، ئەوەش جێگای نیگەرانی ئێمەیە”.

 

هەروەها دوێنێ (شەممە) جەعفەر ئیمینیکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاندبوو، لەئێستادا پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا نەک تەنها لە هەڵکشانی گەورەدایە، بەڵکو چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە کە زەنگی ئاگادارکەرەوەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسیی و ئەمنی و ئابورییەوە.  

 

بەڕای جەعفەر ئیمینیکی، لایەنی سەرەکی لە هاوکێشەکەدا سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانە، "پێویستە پێش ئەوەى کار لە کار بترازێت هەنگاو بنێت و تەنها بە سەرکۆنەکردن و قوربانیدان نەوەستێت، چونکە هەردوو لایەنی پێکدادانەکە ڕەحم بە لایەنێک ناکەن کە لاواز بێت."

 

ئەوە لەکاتێکدایە رۆژى 20ی حوزەیرانی 2020، پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندبوو، نیگەرانن لەبارەى گرژی و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا و ئێران بەڵام چەندینجار ئەو دوو وڵاتە وتوویانە "هیچ جۆرە دژایەتییەکیان لەگەڵ هەرێم نییە و هۆکاری بۆردومانەکانیش بوونی هێزە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانە لەناو خاکی هەرێم."  

 

رەنگە بەشێکى نیگەرانییەکان پەیوەندى بەو قسەو باسانەوە هەبن کە باس لە ئەگەرى دروستکردنى ناوچەیەکى ئارام لەقوڵایی خاکى هەرێم، یان زیندوکردنەوەى ویلایەتى موسڵەوە هەبێت، کە لەو ئەگەرانەدا ناوچەکانى ژێر هەژمونى پارتى کەمدەبنەوە، بەوپێیەى ناوچەى فراوانى ئۆپراسیۆنەکە دەکەوێتە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى ئەو پارتەوە.

 

سەرچاوە سەربازییەکە وتى "نیگەرانییەکان پەیوەندى بەوەوە هەیە ئۆپراسیۆنەکەى ئەمجارەى تورکیا و ئامانجەکەى پێدەچێت زۆر گەورەتربێت لەوانەى پێشوو، چونکە یەکەمجارە تورکیا ئەو هێزە زۆرە دێنێتە هەرێم".

 

لەبارەى ئەگەرى دروستکردنى ناوچەى ئارامەوە، سەرچاوەکە باسى لەوەکرد، ئەگەر شتێکى لەو شێوەیە هەبێت هەر لەسنورى 10 کیلۆمەتردا دەبێت، هەرچەندە تورکیا ساڵانێکى زۆرە لەچەندین ناوچە بوونى سەربازى هەیە و بنکەى هەیە.