گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێبڕکێی ڤاکسینى دژى کۆرۆنا..ئایا لەهاویندا بەرهەمدەهێنرێت؟

2020.06.28 - 22:39
کێبڕکێی ڤاکسینى دژى کۆرۆنا..ئایا لەهاویندا بەرهەمدەهێنرێت؟

ناس کورد-

خۆبەخشان لەشەش کیشوەرەوە دەستیان کردووە بە تاقیکردنەوەى ڤاکسین کە لەلایەن دامەزراوە پزیشکییەکانەوە پەرەیان پێدراوە دژى ڤایرۆسى کۆرۆنا، بەهیواى ئەوەى بۆ هەموان بەردەستبێت لەوەرزى هاوینى ئەمساڵدا بۆ بنەبڕکردنى ئەو ڤایرۆسە کە جیهانى گیرۆدە کردووە.

 

پزیشک و زانایان لەزیاتر لە شوێنێکى جیهان کە بونەتە کانگاى بڵاوبوونەوەى بەدواى ڤایرۆسەکەوەن، لەپێناو تاقیکردنەوەى ڤاکسین لەسەر نەخۆشەکان. 

 

توێژەرانى بەریتانى و چینى لەم رۆژانەدا ڤاکسینى دژى کۆرۆنا لەدەرەوەى وڵاتەکانیان تاقیدەکەنەوە، بەتایبەتى لە بەرازیل کە تا ئێستاش رۆژانە ژمارەیەکى زۆرى حاڵەتى توشبوون و مردنى تێدا تۆماردەکرێت.

 

هەروەها بڕیارە ئەمریکا دەستبکات بە تاقیکردنەوەى ئەزمونى ڤاکسینێکى نوێ کە لەلایەن حکومەتەوە پشتیوانیکراوە بۆ گەشەپێدانى، ڤاکسینەکە لەسەر 30 هەزار خۆبەخش تاقیدەکرێتەوە کە لەسەرەتاى مانگى داهاتووە دەستپێدەکات، دواى ئەوەش لە بەریتانیا کە چاوەڕواندەکرێت لە مانگى ئابدا  ڤاکسینێک لەسەر 30 هەزار کەسى دیکە تاقیبکرێتەوە.

 

زۆرێک لە شارەزایانى پزیشکى بەوریاییەوە گەشبینى خۆیان نیشان دەدەن لەبارەى ئەنجامى ڤاکسینەکانەوە کە لەوەرزى هاویندا تاقیدەکرێنەوە، هیواى خۆیان خستووەتەڕوو لەبارەى ئەوەى کە ڤاکسینەکان توانایەکى زۆریان هەبێت بۆ روبەڕووبونەوەى کۆرۆنا و لەکاتێکى نزیکدا لەتەواوى جیهان بڵاوبکرێنەوە.

 

ئەنتۆنى فاوتچى بەڕێوەبەرى پەیمانگاى نیشتیمانى بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئەمریکا دەڵێت، چاوەڕواندەکرێت ڤاکسینە نوێیەکە لەسەر خۆبەخشانى ئەمریکا و وڵاتانى دیکە، وەکو بەرازیل و باشورى ئەفریقا تاقیبکرێتەوە.

 

فاوتچى بە ئاژانسى ئەسۆشێتیدا پرێسى ڕایگەیاندووە، ئەو کارە کێبڕکێ نییە، بەڵکو کارە گرنگەکە دەستکەوتنى ژمارەیەکى زۆرى ڤاکسینى کارا و سەلامەتە.

 

لە ئێستادا 15 ڤاکسینى دژى کۆرۆنا لەسەر ئاستى جیهان تاقیدەکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا لە قۆناغى سەرەتاییدان.

 

د.درو وایسمان لە زانکۆى بەنسلڤانیاى ئەمریکا دەڵێت "هەر ڤاکسینێک ڕێژەى کارایی لەسەدا 50 بێت، ئەوە بە ڤاکسینێکى باش دادەنرێت".