گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’هەوڵەکانى دروستکردنى هەماهەنگى بێئەنجامن’

هەڵوێستى پێشمەرگە لەسەر دروستکردنى سەرکردایەتى هاوبەش لەگەڵ سوپا و حەشد

2020.06.28 - 21:27
هەڵوێستى پێشمەرگە لەسەر دروستکردنى سەرکردایەتى هاوبەش لەگەڵ سوپا و حەشد

ناس کورد-

وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان جەختدەکاتەوە هەر پێشنیازێک بۆ دروستکردنى سەرکردایەتى هاوبەش لەگەڵ هێزە عێراقییەکان پێویستە لەلایەن سەرکردایەتى سەربازى هەرێمەوە بڕیارى لەسەر بدرێت، ئاماژە بەوەشدەکات هەوڵەکانى دروستکردنى هەماهەنگى نێوان پێشمەرگە و سوپا هێشتا بێ ئەنجامن.

 

دوێنێ (شەممە) ئەیاد عەلاوى سەرۆکى ئیئتیلافى نیشتیمانى عێراقى، پێشنیازى دروستکردنى سەرکردایەتییەکى هاوبەشى سەربازى کرد لەنێوان سوپا و پێشمەرگە و حەشدى شەعبى کە ڕاستەوخۆ بە مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانەوە ببەسترێتەوە، بۆ ئەوەى چەک تەنها لەدەستى دەوڵەتدا بێت و ناکۆکى لەنێوان هێزەکان دروستنەبێت.

 

لیوا قارەمان کەمال، جێگرى سەرۆک ئەرکانى وەزارەتى پێشمەرگە بە ناس کوردى ڕاگەیاند "هەر پێشنیازێک لەو بارەیەوە پێویستە فەرمى بێت و ئاڕاستەى هەرێم بکرێت، پاشان بڕیارى لەسەر بدرێت".

 

وتیشى "بڕیاردان لەسەر پێشنیازى لەو جۆرە لەدەسەڵاتى دەسەڵاتى سەربازى هەرێمدایە، بەوپێیەى هەرێم یاسا و سیستەمى سەربازى تایبەت بەخۆى هەیە و سەرۆکى هەرێم فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانە".

 

پێشنیازەکەى عەلاوى لەکاتێکدایە، لەدواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017 ەوە هیچ هەماهەنگییەکى سەربازى لەنێوان سوپاى عێراق و هێزەکانى پیشمەرگەدا نەماوە، سەرجەم هەوڵەکانیش بۆ زیندوکردنەوەى تائێستا بێ ئەنجام بووە.

 

قارەمان کەمال باسى لەوەکرد، ساڵێک و شەش مانگە ئەو لیژنە هاوبەشەى لەنێوان عێراق و هەرێم دروستکراوە لەو بارەیەوە دوو کۆبونەوەیان کردووە، کە ئەوانیش بێ بەرهەم بوون.

 

وتیشى "هۆکارى بێ ئەنجامى هەوڵەکان لایەنى عێراقییە، کە هەر جارە و بەپاساوێک کۆبوونەوەکان دوادەخەن، یان وەڵامى داواکانمان نادەنەوە".